وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق: رێژەی ئاوی فورات چوار هێندە زیادی كردووە

52 خولەک پێش ئێستا عێراق

نەوا-
خالید شەماڵ وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق رایگەیاند، رێژەی هاتنی ئاو لە حەوزی رووباری فوراتەوە چوار هێندە زیادی كردووە.
 ئاماژەی بەوەش كرد، 500 مەتری سێجا ئاو لە چركەیەكدا لە بەنداوی حەدیسەوە بەرەو پارێزگاكانی فوراتی ناوەڕاست بەردەدرێتەوە، لە هەمان كاتیشدا رۆژانە 180 مەتری سێجا ئاو لە چركەیەكدا لە دەریاچەی بەنداوەكە كۆگا دەكرێت.
بە گوێرەی ئامارەكانی وەزارەتەكە، بڕی ئاوی كۆگاكراو لە دەریاچەی بەنداوی حەدیسە گەیشتووەتە چوار ملیار و 800 ملیۆن مەتری سێجا، بەڵام هێشتا شوێنی سێ ملیار و 400 ملیۆن مەتری سێجای دیكە لەناو بەنداوەكەدا بەتاڵە.
گوتەبێژی وەزارەتەكە روونیكردەوە كە بڕی ئاوی هاتوو بۆ ناو عێراق بەندە بە سێ هۆكاری سەرەكی: یەكەم، بارودۆخی كەشوهەوا و رێژەی بارانبارین لە توركیا و سووریا. دووەم، رێكارە كارپێكردنەكانی توركیا بۆ بەڕێوەبردنی ئاو، سێیەمیش، سیستەمی بەڕێوەبردنی ئاو لە سووریا.
سەبارەت بە رێككەوتنەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، خالید شەماڵ ئاشكرای كرد، تێگەیشتنێكی هاوبەش لە نێوان عێراق، توركیا و سووریا هەیە، كە بەپێی ئەوە دەبێت رێژەی ئاوی تێپەڕبوو لە سنووری توركیا و سووریا لە 500 مەتری سێجا لە چركەیەكدا كەمتر نەبێت؛ لەو بڕەش 58%ی بۆ عێراق بێت و 42%ی بۆ سووریا بێت.

لە كۆتاییدا وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو جەختی كردەوە، هەرچەندە ئەم زیادبوونە یارمەتیدەرە بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و پلانی كشتوكاڵی، بەڵام هێشتا بڕی ئاوەكە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە بتوانرێت دەریاچەی حەبانیەی پێ پڕ بكرێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group