راوێژكارێكی عەلی زەیدی: پارەی گەندەڵكاران گەرەنتی دابینكردنی مووچە دەكات

4 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری لە لێدوانێكدا سەرنجی خستە سەر گرنگیی ئابووریی هەڵمەتی راوەدوونانی گەندەڵكاران و رایگەیاند، هەرچەندە هێشتا ژمارەی كۆتایی دەستگیركراوان دیار نییە، بەڵام پڕۆسەكە لە رۆژانی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت، چونكە ئەمە تاكە بژاردەیە بۆ دەربازبوونی عێراق لەو دۆخە سەختە ئابوورییەی تێیكەوتووە.
رونیشیكردەوە ، لە دوای دەستگیركردنی عەدنان جومەیلی، بریكاری وەزارەتی نەوت و 47 بەرپرسی دیكە، هێزە ئەمنییەكان دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر پارەی نەختینەدا گرتووە كە تەنیا پارە كاشەكە زیاتر لە 20 ملیار دینارە، جگە لەوەش، كاتژمێری زۆر گرانبەها و تەنانەت چەكی دەستیی رووپۆشكراو بە ئەڵماس لە ماڵەكانیاندا دۆزراوەتەوە.
راوێژكارەكەی عەلی زەیدی سەرنجی خستە سەر ئەو دەنگۆیانەی باس لە گەڕانەوەی 10 ترلیۆن دینار دەكەن لە ئەنجامی ئەم هەڵمەتەدا و ئاشكرایكرد، رەنگە ئەم ژمارەیە كۆی گشتیی پارەی نەختینەیی، موڵك و ماڵ، زەوی و ئۆتۆمبێلەكان بێت، ئەگەر ئەم بڕە پارەیە بە شێوەی كاش بێت یان بگۆڕدرێت بۆ نەختینە، ئەوا گەرەنتیی دابینكردنی مووچەی مانگێكی تەواوی هەموو مووچەخۆرانی عێراق دەكات.
باسی لەوەشكرد، كە عێراق مانگانە پێویستی بە نزیكەی 8 ترلیۆن دینار هەیە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنیشنان و ئەو كەسانەی لەژێر چەتری تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتیدان، بۆیە گەڕاندنەوەی ئەم سامانە دزراوانە نەك هەر كێشەی كورتهێنانی بودجە چارەسەر دەكات، بەڵكو دەبێتە پاڵپشتێكی بەهێز بۆ جێگیركردنی سیستەمی دارایی وڵات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group