كەشناسی عێراق: پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە و خۆڵبارینش دەستپێدەكات
3 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
لە ڕاگەیەندراوێكدا دەستەی كەشناسی عێراق رایگەیاند، سبەینێ چوارشەممە كەشوهەوا لە سەرانسەری وڵاتدا ساماڵ و گەرم دەبێت، پلەكانی گەرماش لە ناوچەكانی باشوور كەمێك بەرزدەبنەوە و لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باكووریش نزیك دەبن لە تۆمارەكانی ڕۆژی پێشوو.
ئاماژە بەوەشدراوە، ڕۆژی پێنجشەممە كەشوهەوا بەگشتی ساماڵ و گەرم دەبێت، خێرایی با لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور چالاك دەبێت بۆ 40 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی خۆڵبارین لە هەندێك ناوچەدا، هاوكات پلەكانی گەرماش لە سەرانسەری وڵاتدا كەمێك بەرزدەبنەوە.
بۆ ڕۆژی هەینیش، دەستەی كەشناسی ئاماژەی بەوە كردووە كە لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور ئاسمان ساماڵ دەبێت و لە باكووریش پەڵە هەور دەبێت، پێشبینیش دەكرێت بەهۆی چالاكبوونی باوە لە ناوچەكانی باشوور خۆڵبارین دروست ببێت و پلەكانی گەرماش كەمێك بەرزببنەوە، لە كاتێكدا پلەكانی گەرما لە ناوەڕاست كەمێك نزم دەبنەوە و لە باكووریش جێگیر دەبن.
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ڕۆژی شەممەی داهاتوو لە سەرانسەری وڵات كەشوهەوا ساماڵ و گەرم دەبێت، پلەكانی گەرما لە ناوچەكانی باشوور كەمێك نزم دەبنەوە و لە ناوەڕاست و باكووریش بەراورد بە ڕۆژی پێشتر وەك خۆیان دەمێننەوە.