نەوا-
ئەندامێكی لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، موچەی ساڵی 2026 مسۆگەر كراوە، بەڵام قۆناغی داهاتوو پێویستی بە رێكخستنەوەی و پێداچوونەوە بە خەرجیەكان هەیە.
ریاز تەمیمی ئەندامی لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئاماژەی بەوەكردوە، لێژنەكە كار لەسەر پێكهێنانی تیمێك دەكات بۆ پێداچوونەوە بە سەرجەم گرێبەستەكانی كۆكردنەوەی داهات لە دامودەزگاكانی دەوڵەتدا، بە ئامانجی زانینی قەبارەی داهاتی بەدەستهاتوو و رێژەی ئەو پشكەی كە دەوڵەت بەدەستی دەهێنێت بەراورد بە پشكی وەبەرهێنەر.
باسی لەوەشكردوە، هەندێك گرێبەست هەن كە تێیدا پشكی وەبەرهێنەر دەگاتە 75%ی داهاتەكان بەرانبەر بە 25% بۆ دەوڵەتە یان كەمتر ، جەختیشی لەسەر پێویستیی زانینی ئەو بنەمایانە كردەوە كە ئەو رێژانەیان دیاریكردووە و تا چەند سوودێكی ڕاستەقینە بۆ گەنجینەی گشتی دابین دەكەن.
ریاز تەمیمی دوپاتیشی كردەوە، موچەی ساڵی 2026 مسۆگەرە، بەڵام قۆناغی داهاتوو پێویستی بە پێداچوونەوە بە خەرجییەكاندا هەیە، جەختیشی لەسەر پێویستیی پێشوازیكردن لە ساڵی 2027 بە چارەسەری دارایی راستەقینە كردەوە كە پشت بە زیادكردنی سەرچاوەكان و چاكسازی ببەستێت و دووربكەوێتەوە لە پەنابردن بۆ قەرزكردن.