زیاتر لە 30 وڵاتی جیهان سەبارەت بە دەركردن و جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران و زیندانیانی سیاسیی و سەركوتكردنی دەنگی ناڕازیی لەلایەن ئێرانەوە راگەیانراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیانراوەكەدا هاتوە، داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەكەن گوێ لە داخوازییەكانی گەلانی ئێران بگرن و هەنگاوی مانادار بۆ دەستەبەركردنی رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ بنێن و دەستبەرداری سزای لەسێدارەدان بن و ئەو كەسانەی بە ئارەزوی خۆیان دەستبەسەریان كردون ئازادیان بكەن.
ئاماژەشیانكردوە، هیچ پاساوێك نییە بۆ بەكارهێنانی سزای لەسێدارەدان بۆ بێدەنگكردنی ناڕەزایەتییەكان و بڵاوكردنەوەی ترس لە كۆمەڵگەداو سزادانی ئەو تاكانەی كە داوای مافە رەواكانی خۆیان دەكەن، هەروەها پێویستە خەڵك لە مافی ئازادی رادەربڕین و كۆبونەوەی ئاشتیانە بەهرەمەند بن بەبێ ترس لە سزادان، دەستبەسەركردن یان سەركوتكردنی ئەمنی.