عەلی زەیدی: 30ـی ئەیلوول هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق دەكشێنەوە

1 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
سەرۆكوەزیرانی عێراق جەختی كردەوە، كە بەغدا رێگە نادات خاكەكەی بۆ هەڕەشەكردن لە وڵاتانی دیكە بەكاربهێنرێت.
عەلی فالح زەیدی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە پەیامێكدا بەبۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د. خ.) رایگەیاند، لە سەرەتای دەستبەكاربوونیانەوە بەڵێنیانداوە كار بۆ پتەوكردنی عێراقێكی خاوەن سەروەریی تەواو بكەن. 
هەروەها ئاماژەی بە بەرنامەی حكوومەتەكەی دا بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دامەزراندنی دامەزراوە ئەمنییەكان لە ژێر چەتری دەستووردا.
سەرۆكوەزیرانی عێراق سەبارەت بە پرسی مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان باسی لەوەكرد، لە 30ی ئەیلوولی داهاتوودا كاتی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەبێت لە عێراق، بەمەش عێراقییەكان سەروەریی فەرمیی خۆیان بەسەر تەواوی خاكی نیشتماندا رادەگەیەنن.
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا سەرۆكوەزیران دووپاتی كردەوە، عێراق نابێت ببێتە وێستگەیەك بۆ زیانگەیاندن بە وڵاتانی دیكە. 
زەیدی تیشكی خستە سەر رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و روونیكردەوە، ناوچەكە چەندین دەیەیە لە ژێر گرژییەكی بەردەوامدا دەژی، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی لێكترازان و لێكتێنەگەیشتن لە تێڕوانینی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا، بۆیە داوای كرد بۆ یەكڕیزی لە هەڵوێست و بڕیارەكاندا سوود لە كەلەپوور و رێبازی گەورەی پێغەمبەری ئیسلام وەربگیرێت.
هاوكات سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی دەسەڵاتی باڵای ئایینی و سەرجەم دامەزراوە ئایینییەكان كرد بۆ ئەو رێنماییانەی تایبەت بە پاراستنی ئاسایشی عێراق و پاراستنی گەلەكەی و بەهێزكردنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group