نەوا-
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە بنكە سەربازییەكان دەستیپێكردووە.
باسی لەوەشكرد، ئەم هەنگاوە بەپێی رێككەوتنێكی پیشەییانە و دوور لە لایەنی سیاسی یان هەر رێگرییەكی دیكە ئەنجام دەدرێت، كە كۆمەڵێك لیژنەی ئەمنی و دەزگا جیاوازەكان كاریان لەسەر كردووە.
سەباح نوعمان وتیشی، هێزەكان وردە وردە لە بنكەكانیان دەكشێنەوە و ئەم پڕۆسەیە تاوەكو 30ی ئەیلوول بەردەوام دەبێت، كە ئەو رۆژە وەك رۆژی سەروەریی عێراق و رۆژێكی نیشتمانی دیاریكراوە.
روونیشیكردەوە، عێراق چاوەڕوان دەكات پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان بگۆڕێت بۆ پەیوەندیی درێژخایەنی دووقۆڵی كە تێیدا بەرژەوەندییەكانی عێراق لەبەرچاو بگیرێن.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی دڵنیایی دایە هاووڵاتییان كە هێزە ئەمنییەكان توانای خۆیان سەلماندووە و دەتوانن ئاسایش و سەروەریی عێراق بپارێزن.
باسی لەوەش كرد، حكوومەت رژدە لەسەر رێكخستنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەتدا و ئەو چەكەی خاكی عێراقی لە تیرۆر رزگار كردووە، دەبێت تەنیا لەژێر چەتری یاسایی و شەرعیی دەوڵەتدا بمێنێتەوە.