كچان و ژنانی رادیۆ و تەلەفزیۆنەكانی كوردستان دەچنە خۆرهەڵاتی ئەفریقیا

27/10/2018 نەوا

چیرۆكی ژنانی عیراق و كوردستان دەبێتە بەشێك لە كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لە خۆرهەڵاتی ئەفریقیا.
لە نێوان رۆژانی 2 تا 5ی ئەم مانگە كۆنفرانسی یەكێتی نێودەوڵەتی ژنانی رادیۆ و تەلەفزیۆن بە بەشداری نوێنەرانی لقی كوردستان و عیراق لە ئۆگەندا بەڕێوەچو.
ژمارەیەكی زۆر لە سەرۆكی لقەكان و چەندین ئەندام لە یەكێتی نێودەوڵەتی IAWRT لە میانەی كۆنفرانسێكی هەرێمی، كە لە شارۆچكەی ئێنتیبی لە ئۆگەندا بەڕێوەچوو، بەشداربوون.

یەكێتی نێودەوڵەتی ژنانی رادیۆ و تەلەفزیۆن (IAWRT)، كە یەكێتییەكی نێودەڵەتی ژنانە تایبەتە بەو ژنانەی لە میدیایی بینراو و بیستراودا كاردەكەن و لە ساڵی 1949 دامەزراوەو یەكەمین كۆنفرانسیان لە ساڵی 1951 ئەنجامداوە، ئەمجارە جیاواز لە ساڵانی رابردو، بە بەشداری لقی كوردستان و عیراق، كۆنفرانسی خۆی رێكخست .
لە ماوەی ساڵانی 1950 تاكو 1980 ئەو یەكێتیە تایبەت بوو بەو ڕۆژنامەنوسانەی كە لە پەردەی ئاسنین كاریان دەكرد كە بەربەستێكی ڕامیاری و ئایدۆلۆجیە بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی ئاشتی .  هەروەها ڕێگەدەدرا تەنها ڕۆژنامەنوسێك لە وڵاتێكدا ببێتە ئەندام بەڵام لە ئێستادا گۆڕانكاری بەسەرداهاتوە و بازنەكە گەورەتربوەو لە چەندین وڵات لقێكی تایبەتیان هەیە كە لە چەندین ئەندام پێكهاتوەو ئەندامەكانیش ئەو ژنانە لە خۆ دەگرێت كە لە ڕۆژنامەو میدیای ژمارەیی و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و بەرهەمهێنانی سینەمایی كاردەكەن .

ئەو یەكێتیە توانی چەندین پڕۆژەی جیا لە وڵاتانی جیهان ئەنجامبدات لە بوارەكانی راگەیاندن بە هاوكاری FOKUS كە ڕێكخراوێكی نەرویجیەو گرنگی دەدات بە ژن و گەشەكردن و كاردەكات بۆ تواناكانی ژنان لە پێناو گەیشتنیان بە مافەكانیان و بەشداریكردنیان لە كۆمەڵگەدا .
یەكێتیەكە گرنكی بە كاری ژنان دەدات وەك ڕۆّنامەنوسێك و میدیاكارێك كە دەتوانێت چی بكات بۆ ژنانی تر لەڕێگەی پیشەكەیەوە ، لە 14 لق پێكهاتوەو دابەش بوون بەسەر وڵاتە جیاوازەكانداو لە ڕێگەی كۆنفرانسی هەرێمی و نێودەوڵەتی و ڤێستیڤاڵی فیلم و ۆرك شۆپ و ڕاهێنان بۆ پاراستنی سەلامەتی كۆدەبنەوە .


هەروەك ساڵی 2016 لە شاری "جۆهانسبێرگ" ی باشوری ئەفریقیا لە كۆنفراسێكی هەرێمیدا ئەندامەكان كۆبوونەوەو ساڵی 2017 ش لە شاری "كویزۆن"ی فلیپین بەڕێوەچوو و ئەمساڵیش لە "ئەنتیبی" یوگەندا كە دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقیا بەڕێوەچوو.
لە ئێستادا سەرۆكی یەكێتیەكە "ڤایۆلیت گۆندا"یە كە لە بنەڕەتدا خەڵكی "زێمبایۆی"ەو لە ساڵی 2000 دا بەمەبەستی خوێندنی ماستەر لە ڕۆژنامەوانیدا دەچێتە وڵاتی بەریتانیا،بەڵام زیاد لە 17 ساڵی لە تاراوگە بەسەربرد سەرئەنجامی ئەوەی لەلایەن "رۆبێرت مەگابی"سەرۆكی زێمبایۆی ڕێگری لێكرا كە بگەڕێتەوە وڵاتەكەی .


هەروەها "شیلا كاتزمان" نوێنەری سەرەكی ڕێكخراوەكەیە لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا .
لە كۆنفراسەكەدا وڵاتانی بەشداربوو توانیان باس لە دۆخی ژنان بكەن بەگشتی و بە تایبەت ژنانی میدیاكار لە وڵاتی خۆیاندا و كارو چالاكیەكانی ماوەی ڕابردویان خستەڕوو ،هەروەها باس لە چەند پرۆژەیەكی گرنگ كرا بۆ داهاتوو.
جێی باسە خۆشبەختانە لقی "عیراق-كوردستان"بەشێكە لەو یەكێتیە بە سەرۆكایەتی ئاواز سەلیم، كە مافی ئەندامێتی پێبەخشرا لە ساڵی 2004دا، بۆ یەكەمجار لە هەمان ساڵ لەگەڵ یەكێتیەكە لە ویلایەتی ڤێرجینیا لە ئەمریكا كۆبۆوە وەكو تاكە ئەندامی یەكێتیەكە، دواتریش بەشداری كردوە لە كوبونەوەكانی ئەو یەكێتیە لە (مالیزیا، مەغریب، تونس، توركیا) دوا كۆبونەوەش كە ئەم جارەیان وەكو تاكە لق لە خۆرهەڵاتی ناوەراست لە ئۆگەندا بە شدار بووە. 

بۆ بوون بە لق لەو یەكێتیە چەندین رێگای سەختی بڕیوە سەرئەنجامی شەڕ و ناكۆكی و تەواوی ئەو قەیرانانەی هەردوو ناوچەكەی گرتەوە ،دواجاریش لە كۆتایی ساڵی 2017 عیراق - كوردستان بوو بە لقێك لەو یەكێتیە،كە لە 10 ئەندام پێكهاتوە و ژنانی میدیاكاری بەتوانا لەخۆدەگرێت و هەوڵدەدەن بۆ گرنگیدان بە دۆخی ژنان و هۆشیاركردنەوەیان .
هەروەها لە ماوەی كۆنفرانسەكەدا ئاهەنگ سازكرا بەهۆی دامەزراندنی هەردوو لقی "عیراق-كوردستان"و "ئەفغانستان" بە ئامادەبوونی سەرۆكی لقەكان و پیرۆزبایی و دەستخۆشیان لێكرا.
لە میانەی كۆنفرانسەكەدا ئاواز سەلیم وەك سەرۆكی لقەكە و بینایی شۆڕش وەك ئەندامێك توانیان باس لە دۆخی ژنان بكەن لە عیراق و كوردستان و چیرۆكی چەندین ژنی بە توانا بگەینە ئەو وڵاتە سەڕەڕای تەواوی ئەو بەربەستانەی ڕووبەڕووی ژنانی میدیاكار دەبنەوە ، هەروەك باس لە چەندین ژن كرا كە قوربانی كۆمەڵگەن ، ئامانجیش لە بەشداریكردنیان ناساندنی وڵاتانی نێودەوڵەتیە بە چیرۆكی ژنان لە عیراق و كوردستاندا لە پێناو پشتگیریكردنیان بۆ كاركردن و پەرەدان بە توانای ژنان.
لە بەشێكی تری كۆنفرانسەكەدا ڤایۆلێت باسی لەو بەرهەمانە كرد كە یەكێتیەكە لە ماوەی ساڵی 2018 بەرهەمیهێناوە، كە لیژنەیەكی تەكنیكیە تایبەت بە ئەنجومەنی ئابوری و كۆمەڵایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كاردەكات بۆ ڕاگرتنی یەكسانی لە نێوان ڕەگەزی نێر و مێ و لە ساڵی 1946 دا دامەزراوە لە دیارترین بەرهەمەكانیش : بەرهەمهێنانی فیلم و وێبسایتێك بۆ پاراستن و كتێبی دەستی بۆ رادیۆی كۆمەڵگەیی .


یەكێكی تر لە بەرهەمەكان كتێبێكی 72 لاپەڕەییە لەژێر ناونیشانی "گەورەكردنی دەنگی خەڵك" كە لەلایەن لقی فیلیپین بەرهەمهێنراوە كە تێیدا باس لە چیرۆكی كۆمەڵگەی ڕادیۆیی 30 ساڵی ڕابردوو دەكات لە وڵاتی ناوبراو لەگەڵ ئەو بەربەستانەی ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنوسانی وڵاتەكە دەبێتەوە كە بە یەكێك لە وڵاتە مەترسیدارەكان دادەنرێت بۆ ڕۆژنامەنوسان .
یەكێكی تر لە پرۆژە گرنگەكان پرۆژەی "كەس لە دواتەوە جێمەهێڵە"بوو كە تایبەتە بەو ژنانەی نیشتەجێی لادێكانن كە چۆن بونەتە قوربانی ڕەگەزیی و ئابووری ،پرۆژەكە ماوەی 4 مانگی خایاند لە وڵاتی كینیا، لەو پرۆژەیەدا ژنان ئاشنا دەكەن بە مۆبایلی زیرەك و تۆڕی كۆمەڵایەتی .
هەروەها باس لە پرۆژەیەكی نوێ كرا بۆ ساڵی 2018 كە بریتییە لە توندوتیژی ڕەگەزی لە كۆمەڵگەو چۆنێتی بەریەككەوتن و باسكردنی چیرۆكەكان .
لە گرنگترین دیاردەكانیش كە گرنگی پێدرا بێزاركردن بوو لە رێگەی ئینتەرنێت و ڕێگاكانی رووبەرووبونەوەی .
"سارا ناكی بوكا" سكرتێری ئەنجومەنی ڕێكخراوەكە باسی لە دۆخی فەرمانبەرانی ئوگەندا دەكات كە ژنان مووچەیەكی كەمتریان پێدەدرێت بەراورد لەگەڵ پیاوان و فشارێكی زۆریان دەخرێتە سەر پاش ئەوەی منداڵیان دەبێت .

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group