قورسترین سزا بەسەر هێرشبەرەكەی مزگەوتەكانی نیوزلەندا بسەپێنرێت چییە؟

17/03/2019 جیهان

نەوا
رۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانی بڵاویكردەوە، بەپێی یاساكانی نیوزلەندا قورسترین سزا بەسەر ئەو تۆمەتبارەی هێرشی كردەسەر دوو مزگەوت لەو وڵاتە و 50 موسڵمانی كوشت و دەیانی دیكەی برینداركرد، زیندانی هەمیشەییە بەبێ‌ ئەوەی مافی ئازادكردنی هەبێت لەداهاتودا.
رۆژنامەكە لەراپۆرتێكدا بڵاویكردوەتەوە، برینتۆن تارنت تەمەن 28 ساڵ تۆمەتباری سەرەكی لە هێرشی سەر مزگەوتەكانی نیوزلەندا تۆمەتی كوشتنی روبەڕوكراوەتەوە، بەڵام لەسێدارە نادرێت، چونكە ئەو سزایە لەو وڵاتەدا لابراوە.
لەساڵی 1961دا و لە راپرسیەكدا بۆ گۆڕانكاری لە یاسای سزادان، سێدارەدان لە نیوزلەندا لابراوە و تەنها بۆ كەسێك ماوەتەوە، كە ناپاكی نیشتمانی بكات، ساڵی 1989ش ئەو سزایە بەتەواوەتی بۆ هەموو كەسێك لابرا، كۆتا بڕیاری لەسێدارەدانیش ساڵی 1957 جێبەجێكراوە.
بەپێی راپۆرتەكەی ئەو رۆژنامەیە، رۆژی 5-4-2019 جارێكی دیكە تۆمەتبارەكە دەبرێتە بەردەم دادگا و هێزەكانی پۆلیسی ئەو وڵاتە ئاماژەیان بەوەداوە، كە تۆمەتی تری جگە لە كوشتن روبەڕو دەكرێتەوە و توندترین سزاش كە بەسەریدا بسەپێنرێت، زیندانی هەمیشەییە بەبێ‌ ئەوەی لە هیچ بارودۆخێكدا بتوانێت ئازاد بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group