دوو پەرلەمانتاری نەوەی نوێ: باندەكەی شاسوار عەبدولواحید بە گرتەی ڤیدیۆیی هەڕەشەمان لێدەكەن

24/04/2019

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر

دوو لە ئەندامانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان جەختدەكەنەوە، كە شاسواری عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكەیان دەیەوێت نەوەی نوێ بەرەو ئاقارێكی ترسناك ببات. پەرلەمانتارێكیشیان دەڵێت "بە نامە هەڕەشەمان لێدەكرێت".
نیوەڕۆی ئەمڕۆ 24-4-2019 شادی نەوزاد و سیروان بابان ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پرێس كۆنفرانسێكدا باسی دۆخی ئێستای جوڵانەوەكەیان كرد و شادی نەوزاد، كە هاوكات ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ-یە وتی "راستییەكی حاشاهەڵنەگر بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكەین، وەك گەلی كورد و كوردستان هەموو ئەو زوڵمەی روبەڕوبومان بۆتەوە نەیوەستاندین، لە ساڵانی ژێر دەسەڵاتی دوو بنەماڵەییش نەوەستاین، ئیستاش دوپاتی دەكەینەوە باندەكەی شاسوار عەبدولواحید ناتوانێت بمانوەستێنێت، ئێمە وەك نەوەی نوێ پێداگری دەكەین لەسەرئەوەی، كە شاسوار عەبدولواحید دەیەوێت نەوەی نوێ بەرەو ئاقارێكی ترسناك ببات".
وتیشی "كۆمەڵێك كەس هاتوون بەشدارییان لە چالاكییەكانی رابردودا كردوە و لە شوقەكانی گوندی ئەڵمانی و كابینەكانی شاری گەشتیاریی چاڤی لاند لە سلێمانی ماونەتەوە، بەڵام بەنهێنی لە رێگای كامێرای چاودێرییەوە وێنەیان گیراوە و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ئەو وێنانەمان لێدەكەن".
باسی لەوەشكرد، نامەیەكی هەڕەشەئامێزی بۆ چوە و هەڕەشەی لێدەكات، كە گرتە ڤیدیۆییە دەستکاریکراو و مۆنتاژکراوەكانیان بڵاودەكرێتەوە.


شادی نەوزاد لە پرێس كۆنفرانسەكەدا وتی "ئێمە بەردەوام دەبین لە خەبات بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی دوو بنەماڵە، كە كەسانی وەك شاسوار عەبدولواحید پەروەردە دەكەن و پەنا دەبەینەبەر دادگا بۆ بەرزكردنەوەی سكاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group