گۆڕان پەیامێك ئاراستەی پارتی دەكات

16/08/2019

نەوا


بزوتنەوەی گۆڕان لە یادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا پەیامێك ئاراستەی ئەو حیزبە دەكات و وێڕای پیرۆزبایی كردن رایدەگەیەنێت؛ بەگرنگی دەزانین پارتی و هەمو لایەنەكان پشتگیری دامەزراوە نیشتمانیەكان بكەن بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و بەڕێوەبردنی كوردستان بەشێوازێكی تەندروست.
لە پەیامەكەدا كە ئاراستەی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی كراوە هاتووە: بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، پیرۆزباییەكی گەرم  لە بەڕێزتان و سەرجەم ئەندامانی پارتی دەكەین و هیوادارین سەركەوتووبن لەبەدیھێنانی ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەكان و دەستەبەركردنی سەقامگیری و یەكڕیزی راستەقینەو دوورخستنەوەی كوردستان لە ململانێی ناوچەیی، بەتایبەت مەترسی شەڕی ناوخۆ.
راشیگەیاندووە: بەگرنگی دەزانین پارتی دیموكراتی كوردستان و هەموو لایەنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان پشتگیری پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و تەواوی دامەزراوە نیشتمانیەكان بكەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەڕێوەبردنی كوردستان بەشێوازێكی تەندرووست لەپێناوی پاراستنی سەروماڵی هاونیشتیمانیان و مسۆگەركردنی دادی كۆمەڵایەتی و ژیان و گوزەرانیان.
لە پەیامەكەی گۆڕاندا بۆ پارتی ئەوەش هاتووە: لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی، بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان بەتایبەت كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان، بەرپرسیارێتی هەموو لایەنەكانی كوردستانە پێكەوە درێژە بە خەبات و تێكۆشانی ئاشتیانە بدەن بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و ئاساییكردنەوەی دۆخی سیاسی و ئەمنی و كارگێڕی ئەو ناوچانە بەهاوكاری و هەماهەنگی حكومەتی فیدراڵ و ھەموو ئەو لایەنانەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group