نەوا
مەحمود عەباس سەرۆكی فەڵەستین بڕیاریدا بە كۆتایهێنان بە خزمەتی هەموو راوێژكارەكانی هەروەها ئەندامانی حكوومەتی پێشووی پابەندكردووە بە گەڕاندنەوەی بڕێكی زۆر پارەی زیادكراوی سەر مووچەكانیان.
ئاژانسی دەنگوباسی فەڵەستین لەو بارەیەوە بڵاویكردەوە كە مەحمود عەباس بڕیاریداوە بە هەڵوەشاندنەوەی كاركردن بەو بڕیار و گرێبەستانەی پەیوەستن بە راوێژكارەكانییەوە ، لەگەڵ راگرتنی ماف و ئیمتیازاتەكانیان كە بە هۆی پۆستەكانیانەوە وەری دەگرن.
سەرۆكی فەڵەستین هەروەها بڕیاریداوە بە پابەندكردنی سەرۆكوەزیران و ئەندامانی كابینەی پێشووی حكوومەت بە گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیەرەی كە بە هۆی بڕیاری زیادكردنی مووچەكانیانەوە وەریان گرتووە.
ئەم بڕیارانەی عەباس دوای ئەوە دێت كە ژمارەیەك لە چالاكوانانی فەڵەستینی لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی رابردوو لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئاشكرایان كرد كە بە بڕیارێكی عەباس مووچەی ئەندامانی كابینەی پێشووی حكومەت بۆ دوو هێندە زیادكراوە، ئەوەش كاردانەوە و نیگەرانی زۆری لەسەر شەقامی فەڵەستینی بەدوای خۆیدا هێنا.