حكومەتی هەرێم راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

08/10/2019

نەوا
حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی لەبارەی دۆخی رۆژئاوای كوردستان بڵاوكردەوە و رایگەیاند، داوا لە توركیا دەكات وەك ئەندامێكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆر، هیچ هەنگاوێك نەهاوێژێت كاریگەری نەرێنی لەو پێشكەوتنە بكات كە لە شەڕی دژی داعش بە دیهاتووە و مەترسی لە كۆنترۆڵ دەرچوونی چەكدارە تیرۆریستە دەستگیركراوەكان هەبێت.


راگەیەندراوێك لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەربارەی پەرەسەندنەكانی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا

هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD) - حكومەتی هەرێمی كوردستان نیگەرانی زۆری خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ناوچەی ئارامی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا و ئەو راپۆرتانەی باس لە ئەگەری هێرشی تاكلایەنەی توركیا بۆ ئەو ناوچەیە دەكەن.

حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە توركیا دەكات وەك ئەندامێكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆر، هیچ هەنگاوێك نەهاوێژێت كاریگەری نەرێنی لەو پێشكەوتنە بكات كە لە شەڕی دژی داعش بە دیهاتووە و مەترسی لە كۆنترۆڵ دەرچوونی چەكدارە تیرۆریستە دەستگیركراوەكان هەبێت.

دەرەئەنجامەكانی هەر گرژبوون و پێشهاتێكی سەربازی، كاریگەری بۆ دەرەوەی سنووری سوریاش دەبێت و لەوانەیە دۆخێك دروست بكات ببێتە هۆی گەڕانەوەی داعش و ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆری خەڵك. بۆیە زۆر پێویستە هەموو لایەنەكانی كێشەكە، بە هێزە كوردییەكانیشەوە، لە رێگەی گفتوگۆ و دایەلۆگەوە دۆخەكە هێور بكەنەوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە، پێویستە كێشەكان رێگەچارەیەكی سیاسی گشتگیریان بۆ بدۆزرێتەوە كە مافەكانی هەموو هاووڵاتییانی سوریا و لە نێویشیاندا كورد پارێزراو بن.

هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش قوربانییەكی زۆری داوە و ئێستاش میوانداری ملیۆنێك و سەد هەزار ئاوارە و دەربەدەر دەكات كە زۆربەیان لە دەست ئەو قەیرانەوە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە. ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە رێگا لە دروستبوونی لێشاوێكی دیكەی ئاوارەبوون بگرێت.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا بەردەوام لە نزیكەوە چاودێری دۆخەكە دەكات، لە رێگەی چەندین كەناڵیشەوە كار لەسەر ئەو پرسە دەكات.


حكومەتی هەرێمی كوردستان
٢٠١٩/١٠/٨

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group