جێگری سەرۆكی هەرێم رونكردنەوە لەبارەی موچە و بودجەی ساڵی داهاتوی هەرێم دەدات

14/11/2019

 نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی
مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆكایەتی هەرێم هەوڵدەدات هەموو كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە قازانجی خەڵكی هەرێم چارەسەر بكات.
لەمیانی بەشداریكردنی لە كردنەوەی یەكەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێب لە سلێمانی، مستەفای سەید قادر رایگەیاند، ئامانجی سەردانی سەرۆكی هەرێم و شاندی یاوەری بۆ بەغدا نیشاندانی پشتیوانی و هاوكاریی و پێكەوەیی هەرێمی كوردستان بوو لەگەڵ بەغدا و چۆن وابكرێت پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا باش بكەین بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی هەڵپەسێراون و هەوڵبدەین رێگاچارەیەك بدۆزینەوە بۆئەوەی باروگوزەرانی خەڵكی كوردستان و عیراق باش بێت.
سەبارەت بە ناردنی بودجەی هەرێمی كوردستانیش لە ساڵی داهاتودا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتی "ئومێد دەكەین ئەوەش بە قازانجی هەرێمی كوردستان چارەسەربكەین".
وتیشی "بەگشتی باسی زۆرشت كرا و بۆ وردەكارییەكانیش لیژنەی پێویست دروستدەكرێت بۆئەوەی بتوانین لە داهاتودا گفتوگۆكان بەردەوامبن و چارەسەری پێویستیان بۆ بدۆزینەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group