پەروەردەی عیراق بەنیازە پشووەكانی شەممە و نیوەی ساڵ لابدات

پێش 4 هەفتە عێراق

نەوا
وەزارەتی پەروەردەی عیراق بەنیازە پشووەكانی رۆژانی شەممە و نیوەی ساڵ لابدات، ئەمەش بۆ قەرەبوكردنەوەی ئەو رۆژانەی بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە پرۆسەی خوێندن راگیرابوو.
حەیدەر فاروق وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی وەزارەت لە پارێزگاكانی عیراق لە گفتوگۆدان بۆ چۆنێتیی قەرەبوكردنەوەی ئەو رۆژانەی خوێندنی ئەمساڵ كە بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە راگیرابوون، كە یەكێك لە پێشنیارەكان لابردنی پشووەكانی رۆژانی شەممە و نیوەی ساڵە.
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عیراق وتیشی، جگە لە پێشنیاری لابردنی پشووەكان، پێشنیاری چڕكردنەوەی بەرنامەكانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە و كردنەوەی خولی بەهێزكردن لە خوێندگاكاندا لە دوای دەوامی فەرمی بەشێكی دیكەن لە پێشنیارەكان بۆ قەرەبوكردنەوەی رۆژە فەوتاوەكان.
وتەبێژەكەی وەزارەتی پەروەردەی عیراق ئاماژەی بەوەشكرد، لە زۆرێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پروپاگەندەی جۆراجۆر لەسەر كەرتی پەروەردە بڵاودەكرێنەوە، بۆیە داواكارن دایك و باوكی خوێندكاران بۆ هەر هەواڵێك تەنها ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی پەروەردە بكەنە سەرچاوەی سەرەكی.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group