ئەوروپا داوای ئاشكرا كردنی ژمارەی كوژراوانی خۆپیشاندانەكانی ئێران دەكات

08/12/2019 جیهان

نەوا
بەرپرسی نوێی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا داوای كرد، حكومەتی تاران ئاماری كوژراوانی خۆپیشاندانەكانی مانگی رابردووی وڵاتەكەی ئاشكرا بكات.
جۆسێپ بورەل بەرپرسی نوێی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سەركوتی خۆپیشاندەران لە لایەن حكومەتی ئێرانەوە جێگەی قبوڵكردن نییە و پێویستە حكومەتی تاران ژمارەی كوژراوەكان رابگەیەنێت.
وتیشی، پچڕاندنی هێڵەكانی ئینتەرنێت و دابڕاندنی خەڵكی ئێران لە جیهانی دەرەوە پێشێلكردنی ئاشكرای مافی ئازادی ڕادەبڕینە.
پێشتریش كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتوەكان رایگەیاندبوو، شاردنەوەی ژمارەی كوژراوانی خۆپیشاندانەكانی ئێران، نیگەرانیەكانیان لە بارەی چارەنوسی حەوت هەزار خۆپیشاندەری دەستبەسەركراو قوڵتر دەكاتەوە.
راشیگەیاندبوو، بە پێی ئامارەكانیان لە خۆپیشاندانی ناوەڕاستی مانگی رابردووی هاوڵاتیانی ئێرانی لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لانی كەم 208 خۆپیشاندەر كوژراون.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group