ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی: نازانین نامەكەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی چۆن گەیشتوەتە كەناڵەكانی راگەیاندن

13/02/2020

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
ئەمڕۆ ئەنجومەنی گشتیی سەركردایەتی یەكێتی یانزەیەمین كۆبونەوەی ئەنجامدەدات و ئەندامێكی ئەنجومەنەكە دەڵێت "نامەكەی كاك كۆسرەت بابەتێكی ناوخۆیی بوو، نازانین چۆن گەیشتە دەست كەناڵەكانی راگەیاندن و لێكتێگەیشتنیش هەبوو، ئەمڕۆ بەڕەزامەندی ناوبراو كۆبونەوەكان بەردەوام دەبن".
ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەلێدوانێكدا بۆ رادیۆ نەوا رایگەیاند، ئەمڕۆ كۆبوونەوەی سەركردایەتی ئەنجامدەدرێت و لە دوا بڕگەكانی پەسندكردنی پەیڕەوی ناوخۆدان، كۆبونەوەكەش بەڕەزامەندی كۆسرەت رەسوڵ عەلی و ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی ئەنجامدەدرێت".
وتیشی "نامەكەی كاك كۆسرەت شتێكی وانەبوو، بابەتێكی ناوخۆیی بو، راگەیاندن گەورەی كرد. تائێستا نازانم چۆن نامەكە گەیشتۆتە دەست كەناڵەكانی راگەیاندن و دواتر لەگەڵ كاك كۆسرەت كۆبوینەوە و رێگر نەبو لە بەردەوامی كۆبونەوەكانی سەكردایەتی و ئەمڕۆش دوو بڕگە ماوە و كۆتایی بە پەیڕەوی ناوخۆ دەهێنرێت". 
ئارێز عەبدوڵڵا جەختدەكاتەوە، هاوسەرۆكایەتی هیچ گرفتێكی دروستنەكردوە و ژن لەناو ئۆرگانەكانی یەكێتی-دا رۆڵی گرنگی دەبێت و زۆرینەی ژنەكانی یەكێتی شایەنی ئەوەن پۆستی باڵایان پێبدرێت، هەروەك چۆن ئێستا لەناو حكومەتدا پۆستی باڵایان هەیە، لەناو حزبیش پۆستی باڵایان دەبێت، بەڵام نازانرێت تا كۆبونەوەكان تەواودەبن ئایا یەكێك لە هاوسەرۆكانی یەكێتی ژنی بۆ دیاری دەكرێت یان نا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group