بۆ چارەسەركردنی كەمی سوتەمەنی لەهەرێم چەند راسپاردەیەك درانە سەرۆكی پەرلەمان

3 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویكردەوە، لیژنەی نەوت و غاز لەپەرلەمانی عیراق لیژنەیەكی لاوەكیان پێكهێناوە بەمەبەستی تەرخانكردنی بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی رۆژانە لەلایەن وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدرال و رادەستكردنی بەحكومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی پاڵاوتنی و دابینكردنی سوتەمەنی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەنرخێكی پاڵپشتیكراو هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عیراق . 
راشیگەیاندوە، راسپاردەكان لەلایەن لیژنەكەوە بەرزكرایەوە بۆ سەرۆكی پەرلەمان و بەردەوام دەبن لە بە دواداچون بۆ جێبەجێكردنی تا ببنە هۆكاری چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەی كەمی سوتەمەنی بەتایبەتی بەنزین.
ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی راسپادەكانیشەوە باسیلەوەكردوە، دابینكردنی سوتەمەنییە بۆ پارێزگاكانی هەرێم لەلایەن كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانەوە بەپێی میكانیزمی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، لەحاڵەتی هەبونی كەمی لەبڕی سوتەمەنیشدا بڕەكە بەیەكسانی بەسەر هەمو پارێزگاكاندا دابەشدەكرێت و لەم حاڵەتەدا دابینكردنی 50 هەزار بەرمیل بۆ هەرێم هەڵدەوەشێنرێتەوەو لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەكرێت.

ئەمەی خوارەوە دەقی راسپاردەكانە:-  
یەكەم: دابینكردنی سووتەمەنی بۆ پارێزگاكانی هەرێم لەلایەن كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانەوە  و بڕی شایستە بۆ هەر پارێزگایەكی هەرێم هاوشێوەی ئەژماركردنی بڕەكە بۆ هەموو پارێزگاكانی دیكەی عێراق دیاری دەكرێت. دابەشكردنەكەش بەپێی میكانیزمی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم دەبێت. لە حاڵەتی هەبوونی كەمی لە بڕی سووتەمەنیدا، بڕەكە بە یەكسانی بەسەر هەموو پارێزگاكاندا دابەش دەكرێت. لەم حاڵەتەدا، دابینكردنی ٥٠ هەزار ب/ڕ بۆ هەرێم هەڵدەوەشێندرێتەوە و لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەكرێت، هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەڵێن دەدات كە بەرهەمە نەوتییەكان لە پارێزگاكانی هەرێمدا بەپێی ئەو نرخە بفرۆشێت كە لای وەزارەتی نەوتی فیدراڵی پەسەند كراوە.
دووەم: لە حاڵەتی پەسەندكردنی پێشنیازی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ زیاتكردنی نەوتی خاوی دابینكراو لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە بۆ زیاتر لە ٥٠ هەزار ب/ڕ، پێشنیاز دەكەین:
1. لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتووان بە ڕەچاوكردنی بارودۆخی قەیرانەكان هاوشێوەی هەموو پارێزگاكانی دیكە.
2. دیاریكردنی بڕەكە لە ڕێگەی لیژنەیەكی تەكنیكی بەشداری كۆمپانیاكانی پاڵاوگەكان و كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان.
3. فرۆشتنی نەوتی خاوی ناوخۆیی بۆ هەرێم بە هەمان ئەو نرخەی پاڵاوگەكانی پارێزگاكانی دیكەی عێراق.
4. ڕادەستكردنی نەوتی ڕەش بە هەمان ئەو میكانیزمەی كه لە باقی پارێزگاكانی دیكەی عێراقدا پەیڕەو دەكرێت.
5. وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەڵێن دەدات كە هاووڵاتییانی هەرێم بە هەمان ئەو نرخەی لە پارێزگاكانی دیكەی عێراقدا پەسەند كراوە دابین بكات.
6. یەكلاكردنەوەی تێچووی پاڵاوتن لە نێوان پاڵاوگەكانی سەر بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و پاڵاوگەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی هەموو ساڵێكدا بە مەبەستی دانه وه ی تێچوەكان لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group