فەرید ئەسەسەرد: بەرهەم ساڵح پرۆزبایی لە بافڵ تاڵەبانی كردوە و بەشداریی كۆبونەوەكانی سەركردایەتی دەكات

20/02/2020

نەوا
فەرید ئەسەسەرد ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی دەڵێت"لە دوایین كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا بەفەرمی پێمان راگەیەنرا كاك كۆسرەت رازییە بە سیستمی هاوسەرۆكی بۆ یەكێتی، یەكێك لەكوڕەكانیشی، یا هەردوكیان پۆستێكی باڵا وەردەگرن".
فەرید ئەسەسەرد دەربارەی هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی بە بەشی كوردیی دەنگی ئەمریكای وتوە " لە رۆژی دەنگدان لەسەر هاوسەرۆك لەناو هۆڵی كۆبونەوە لەكۆی 94 ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی 93 یان دەنگیان دا، واتە زیاتر لەرێژەی یاسایی، كە دەنگی 63 ئەندامی پێویست بوو، بەڵام لەدەرەوە دیاربوو هەندێك كەس هەبوون تێڕوانینی جیاوازییان هەبوو، بەڵام ئێمە ئەوەشمان چارەسەركردوە و هیچ كێشەیەك نەماوە".
لەبارەی بۆچونی هەریەكە لە كۆسرەت رەسوڵ عەلی و بەرهەم ئەحمەد ساڵح لەسەر بەڕێوەبردنی یەكێتی لەلایەن دوو هاوسەرۆكەوە، فەرید ئەسەسەرد ئاشكرایكردووە "لەكۆبونەوەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی سەركردایەتی، بافڵ تاڵەبانی پێی ڕاگەیاندین بەرهەم ساڵح پەیوەندیی پێوەكردوە و  پیرۆزبایی لێكردووە، كاك لاهور-یش خۆی لەبەغدایە و پەیوەندییان هەیە، د.بەرهەمیش بەڵێنی داوە هەفتەی داهاتوو بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و بەشداری كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بكات وەك ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی، بۆیە ئەگەر پێشتر كێشە هەبوبێت، ئەوا لەئێستادا كێشە نەماوە".
فەرید ئەسەسەرد ئەوەشی وت "رۆژی چوارشەممە  بەفەرمی پێمان ڕاگەیەنرا كاك كۆسرەت ڕازییە بە هاوسەرۆكی لەناو یەكێتیدا و هیچ كێشەیەك نەماوە، ئێستا ئێمە باس لەبابەتی تر دەكەین، كوڕەكانی كاك كۆسرەت هەردوكیان ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتین و مافی ئەوەیان هەیە پۆستی سەركردەیی وەربگرن، بەدڵنیاییەوە هەردوكیان، یا یەكێكیان پۆستی سەركردەیی باڵا وەردەگرێت."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group