مەسعود بارزانی بانگهێشتێك ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی دەكات

23/02/2020

نەوا
ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی رایگەیاند، بۆ دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، لیژنەیەك لە هەردوو ئەنجومەنەكە دروستكراوە. مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی-یش بانگهێشتێك ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی دەكات.
فەرید ئەسەسەرد ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی لەوبارەیەوە راگەیاند، لە ئەنجومەنی سەركردایەتی ‌و ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەكێتی، دوو لیژنە بۆ دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی دروستكراون.
ئاماژەی بەوەشكرد، لیژنەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پێكهاتوە لە د.خەسرەو گوڵ محەمەد، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ‌و سەردار هەركی، لیژنەكەی ئەنجومەنی باڵای سیاسییش پێكهاتوە لە مەلا بەختیار، دلێر سەید مەجید ‌و حاكم قادر. هەردوو لیژنەكە كۆدەبنەوە و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەكێتی لە پەیڕەوی ناوخۆدا جێگیردەكەن.
ئەمڕۆش ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی كۆبۆوە و پرۆگرامی حزبەكەی پەسند كرد.
لەوبارەیەوە مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی دوای كۆتاییهاتنی كۆبونەوەكە لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، پرۆگرامی یەكێتی بە زۆرینەی دەنگ پەسند كرا و هاوكاتیش راپۆرتەكەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی بۆ كۆنگرە قسەی لەسەر كرا و پەسند كرا. وتیشی "مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی پێشتر پیرۆزبایی لە یەكێتی كردوە و داواشی كردوە بافڵ تاڵەبانی سەردانی هەولێر بكات بۆ بەشداریكردن لە كۆبونەوەیەكی گرنگ، كە سبەینێ بەڕێوەدەچێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group