لە بری بانگدان مزگەوتەكانی ئیزمیری توركیا گۆرانی "بێلا چاو"یان پەخش كرد

پێش 2 هەفتە هەمەڕەنگ

نەوا
لە بری ئەوەی بانگدان پەخش بكەن، بڵندگۆكانی مزگەوتەكانی ویلایەتی ئیزمیری توركیا گۆرانی "بێلا چاو"ی بەناوبانگی ئیتاڵییان پەخش كرد. هەرزوو دەسەڵاتداران كاردانەوەیان نیشاندا و هۆكارەكەیان بۆ هاككردنی سیستمی ئەلیكترۆنیی بانگدانەكەیان گەڕاندەوە.
گۆرانی "بێلا چاو"ی دژبە فاشیستەكان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی دووەمی جیهان و شۆڕشگێڕانی ئیتاڵیا كردیانە رەمزی خۆیان، ئێستاش لەم سەردەمەدا جارێكی دیكە ناو و ناوبانگی بڵاوبۆتەوە.
لەو نێوەندەشدا رەجەب شوكرو بەڵكان بەڕێوەبەری كاروباری ئایینی لە ئیزمیری توركیا بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیای وتوە "لەم چەند رۆژەی رابردودا گۆرانییەكە بۆ ماوەی 10 چركە لە بڵندگۆی تایبەتی 30 مزگەوتی ناوچەی ئیجە پەخشكراوە".
وتیشی "وەك رێوشوێنێكی خۆپارێزی، سیستمی بانگدانی مەركەزییمان راگرتوە، بۆیە هەر مزگەوتە و راستەوخۆ لە رێی بڵندگۆكانیانەوە بانگدەدەن تا ئەوكاتەی سیستمەكە بە تۆكمەیی دەپارێزین".
بەوتەی ئەو بەرپرسەی ولایەتی ئیزمیر، رۆژی چوارشەممەی رابردو سیستمی بانگدانەكە هاككراوە و داواكاری گشتی-یش دۆسێی لێكۆڵینەوەی كردۆتەوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشدا بەدواداچون بۆ بابەتەكە دەكەن.
هەرچەندە هۆكاری ئەو كارە لەلای حكومەت رون نییە و تائێستا نازانرێت بۆ بانگدانەكە هاككراوە، بەڵام باس لەوەدەكرێت گۆرانییەكە بە زمانی توركی لەلایەن تیمی موزیكی "یوروم"ەوە تۆماركراوە، كە لە توركیادا قەدەغەكراوە و پەیامی سیاسی لەپشتەوەیە. لەوەش زیاتر دەوترێت لە تۆڵەی گیانلەدەستدانی كچە ئەندامێكی تیمەكەیە بەناوی "هێلین بولك"، كە بەهۆی مانگرتنی لە خواردن وەك ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر دەستگیركردنی ئەندامانی تیمەكەیان، ژیانی لەدەستداوە.




شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group