وه‌زاره‌تی دارایی له‌ باره‌ی دابه‌شكردنی موچه‌وه‌ رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

06/07/2020

نه‌وا
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ده‌ڵێت: "بڕیارە هەفتەی داهاتوو مووچەی هەموو وەزارەت و فەرمانگەکان بدرێت بۆ ئەوەش رێکاری خۆمان گرتۆتەبەر".
مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی به سایتی باس نیوزی راگه‌یاندووه‌: "لە بانکەکان لە گۆڕەپانێک کورسی دادەندرێت بۆ ئەوەی مووچەخۆران لەسەر کورسی دابنیشن ئەویش مەترێک زیاتر نێوانیان هەبێت، دواتر بە نۆرە سێ کەس یان پێنج کەس دەچنە ژوورەوە، تاوەکوو تەواو دەبێت هەمووش دەبێت ماسک و دەتکێشیان بەستبێت، ئەوە مەرجی پێدانی مووچەیە و رێگەنادرێـت کەس بێ ماسک و دەستکێش بچێتە بانک".
وتیشی: "بڕیارە هەفتەی داهاتوو مووچەی هەموو وەزارەت و فەرمانگەکان بدرێت بۆ ئەوەش رێکاری خۆمان گرتۆتەبەر بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەبێت، چونکە ئێستا فەرمانبەران بۆیان نییە بێن لە بانک مووچە وەربگرن، بەڵکوو بە چەکی گەورە لیژنەیەک پارەکە وەردەگرێت و دەیباتەوە لە فەرمانگەی خۆی دابەشی دەکات".
ئاماژەی بەوەشدا: "لە مووچەی شەهیدان کێشەمان نیە، بەڵام کێشەمان لەگەڵ خانەنشینان و کەمئەندامان هەیە، چونکە ئەوانە بە تەمەنن و خاوەن پێداویستی تایبەتن ناتوانن بڕۆن و بوەستن پێویستیان بە هاوکاری هەیە، ئەوەش وا دەکات فشار لەسەر بانکەکان دروست بێت".
بەرپرسەکەی وەزارەتی دارایی، دووپاتی کردەوە، کە دەبێت خانەنشینان و کەمئەندامانیش لەکاتی سەردانیکردنی بانک دەستکێش وماسک ببەستن و خۆیان لەبەریەکەوتن بپارێن، پێویستە لە کاتی وەرگرتنی مووچە فەرمانبەران و مووچەخۆران بە گشتی پابەندی مەرج و ڕێنماییە خۆپارێزییەکان بکەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group