گاردیان: هەڕەشەی ئەمریكا بۆ داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا هەڵخەڵەتاندن نییە

29/09/2020 جیهان

نەوا
رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی پێیوایە هەڕەشەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدای پایتەختی عیراق لە هەڵخەڵەتاندن ناچێت و لەوانەیە بڕیارەكە بۆ ئیحراجكردنی حكومەتی عیراق بێت تا دژی گروپە چەكدارییەكان جوڵە بكات.
گاردیان لە راپۆرتێكدا بڵاویكردوەتەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق هاوپەیمانەكانی كۆدەكاتەوە تا هانی ئەمریكا بدات پاشگەزبێتەوە لە بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا.
رۆژنامەكە لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكییەوە بڵاویكردوەتەوە، دەسەڵاتدارانی عیراق بڕیاریانداوە وا تەماشای هەنگاوەكەی ئەمریكا بكەن كە تەنها فێڵێك نییە و دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەو وڵاتە لەوانەیە لەماوەی چەند هەفتەی داهاتودا ئەو سیاسەتە پێچەوانە بكاتەوە، كە ماوەی 20 ساڵە واشنتۆن پەیڕەوی دەكات، هەڕەشەكانیش لە هەڵخەڵەتاندن ناچن، چونكە بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەكە دەبێتەهۆی ئەوەی واشنتۆن لە رووی سیاسییەوە باجەكەی بدات، هەروەها لەوانەیە ئامانج لەو بڕیارە ئیحراجكردنی حكومەتی عیراق بێت بۆئەوەی دژی گروپە چەكدارییەكان جوڵە بكات.
گاردیان لە زاری بەرپرسانی پێشوی هەواڵگرییەوە بڵاویكردوەتەوە، هەندێك بەرپرس نیگەرانن لە پەیامەكەی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كە هەڕەشەی راستەوخۆی تێدایە، هۆشداریش دەدەن لەوەی كشانەوە لە عیراق واتای ئەوەیە لەسەر سینیەكی زێڕین ئەو وڵاتە رادەستی ئێران بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group