ئەمریكا سزای نوێی بەسەر چەند كەسایەتی و كۆمپانیای پەیوەست بە ئێراندا سەپاند

پێش 4 هەفتە جیهان

نەوا
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند، بە هۆی پەیوەندیان بە پیشەسازی پیترۆكیمیایی ئێرانەوە سزای بەسەر ژمارەیەك كەسایەتی و كۆمپانیادا سەپاندووە.
لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكادا هاتووە، ئێران داهاتی پیترۆكیمیاییەكەی تەرخان دەكەن بۆ نانەوەی پشێوی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاڵپشتی دارایی لە گروپە توندڕەوەكان.
باسی لەوەشكردووە، پێنج كەس كە دوانیان خەڵكی چین و سەنگافورەن و ئەوانی تر ئێرانین لەگەڵ هەشت كۆمپانیا كە چواریان ئێرانین و ئەوانی تر لە سەنگافورە و چین تۆمار كراون، بە هۆی پێشێلكردنی سزاكانی سەر كەرتی پێترۆكیمیایی ئێرانەوە، دەخرێنە لیستی رەشی سزاكانەوە.
ئەمریكا دوای ئەوەی لە ساڵی 2018دا لە رێككەوتنی ئەتۆمی كشایەوە، سزاكانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە و بە هۆی ئەو سزایانەوە، حكومەتی تاران بەرەوڕووی گەورەترین قەیران بووەتەوە و بەهای دراوی نیشتمانیەكەی بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە.
واشنتۆن جەخت لەوەدەكاتەوە، بەردەوام دەبێت لە توندكردنەوەی فشارەكانی لەسەر تاران تا ئەو كاتەی ناچار دەبێت بە دانوستان و گەیشتن بە رێككەوتنێكی گشتگیر لەسەر كۆی دۆسیەكانی ئەتۆمی، موشەكی و كۆتاییهێنان بە دەستوەردانەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group