ره‌وشی ئازادی راده‌ربڕین و دۆخی نوسه‌رانی زیندانیكراوی كوردستان ده‌گه‌یه‌نرێته‌ پێنی نێونەتەوەیی

پێش 1 هەفتە محه‌مه‌د حه‌سه‌ن

نه‌وا
پێنی كورد پرسی گوشاره‌كانی سه‌ر نوسه‌ران و رۆژنامه‌نووسان و دوایین دۆخی نوسه‌رانی زیندانی و پێشێلكردنی ئازادی راده‌ربڕین له‌ به‌شه‌ جیاجیاكانی كوردستانی گه‌یانده‌ پێنی نێونەتەوەیی.
رۆژی 15ی نۆڤه‌مبر له‌ لایه‌ن پێنی نێونەتەوەییه‌وه‌ به‌ رۆژی جیهانی نوسه‌رانی زیندانی ناسێنراوه‌ و له‌و رۆژه‌دا به‌ چالاكی جیاجیا دۆخی ئه‌و نوسه‌رانه‌ و پێشێلكارییه‌كانی تر به‌رامبه‌ر به‌ نوسه‌ران، رۆژنامه‌نوسان و چالاكوانانی كلتوری ده‌خرێته‌ به‌رباس.
ناوه‌ندی پێنی كورد سه‌ر به‌ پێنی نێوده‌وڵه‌تی له‌ پانێلێكی ئۆنلایندا به‌ به‌شداری جێنیفه‌ر كڵمێنت سه‌رۆك و كارلۆس تۆرنه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری پێنی نێونەتەوەیی و چه‌ند به‌رپرسێكی تری ئه‌و رێكخراوه‌یه‌ و به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی باسی له‌ دوا ره‌وشی نوسه‌رانی زیندانی و دۆخی ئازادییه‌كان له‌ به‌شه‌ جیاجیاكان كرد.
له‌ پانێله‌كه‌دا كه‌ له‌لایه‌ن د. بێریڤان دۆسكی سه‌رۆكی شانازی پێنی كورده‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برا، ئاماژه‌ به‌وه‌كرا كه‌ له‌ باكوری كوردستان لانیكه‌م 71 نوسه‌ر و شاعیری كورد له‌ئێستادا له‌ زینداندان.
هاوكات هه‌ریه‌ك له‌ حه‌مید دلبهار و گولگه‌ش ده‌ریاسپی وه‌ك نوسرانی زیندانی كراو باسیان له‌ ئه‌زمونی خۆیان له‌ زیندان و ئه‌و گوشارانه‌كرد كه‌ له‌ زینداندا به‌ره‌وڕوویان ببوه‌وه‌.
هه‌ر له‌و پانێله‌دا باس له‌ ره‌وشی نوسه‌ران، رۆژنامه‌نوسان و چالاكوانانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كرا و ئاماژه‌ به‌ سانسۆر، رێگری له‌ كاركردن، گرتن و راوه‌دونانیان كرا له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی ئێرانه‌وه‌.
له‌و به‌شه‌دا ئه‌وه‌خرایه‌ڕوو، كه‌ هه‌ڵمه‌تی گرتن و ده‌ستبه‌سه‌ركردنی چالاكوانان له‌ ساڵانی رابردوودا چڕ بووه‌ته‌وه‌ و له‌و ماوه‌یدا چه‌ندین نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوسیش ده‌ستگیركراون یان ناچار بوون زێدی خۆیان جێبهێڵن.
زارا موحه‌مه‌دی مامۆستای خۆبه‌خش كه‌ به‌ هۆی وتنه‌وه‌ی وانه‌ی زمانی كوردی به‌ منداڵان ده‌ستگیر و سزای 10 ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌ له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ی و چالاكییه‌كانی دووا و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هێشتا دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ دوا بڕیاری له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ی نه‌داوه‌.
سه‌باره‌ت به‌ باشوری كوردستانیش باس له‌ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی سنوری ئازادی راده‌بڕین كرا و ئاماژه‌ به‌وه‌درا له‌ ماوه‌كانی رابردوودا به‌تایبه‌تی له‌ ده‌ڤه‌ری بادینان چه‌ندین رۆژنامه‌وان و چالاكوان ده‌ستبه‌سه‌ركراون كه‌ زۆرینه‌یان تائێستاش ئازاد نه‌كراون.

لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیشەوە باس لەوەکرا، کە تائێستا هیچ راپۆرتێکیان لە بارەی گرتنی نوسران لەسەر بیرورای جیاواز لە ناوچەکانی ژێر دەستەی ئیدارەی خۆسەری بەدەستنەگەیشتووە.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داوا له‌ به‌رپرسانی پێنی نێوده‌وڵه‌تی كرا وێڕای گرنگیدان به‌ دۆخی نوسه‌ران و رۆژنامه‌وانان له‌ كوردستان، له‌ رێگه‌ی دروستكردنی فشار هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ ئازادكردنی نوسه‌رانی زیندانی له‌ كوردستان و كۆتاییهێنان به‌ پێشێلكردن و به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی ئازادی راده‌ربڕین.
پێنی نێونەتەوەیی له‌ ساڵی 1921 له‌ له‌نده‌ن دامه‌زراوه‌ و له‌ زیاتر له‌ 100 وڵات ناوه‌ندی هه‌یه‌ و ئامانجی سه‌ره‌كی هه‌وڵدانه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادی راده‌ربڕین و گه‌یاندنی ده‌نگی ئه‌و نوسه‌رانه‌ی كه‌ به‌ هۆی ده‌ربڕینی بیر و باوه‌ڕیان به‌ره‌وڕووی ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ و زیندان بوونه‌ته‌وه‌.
یه‌ك له‌ ناوه‌نده‌كانی سه‌ر به‌ پێنی نێونەتەوەیی، پێنی كورده‌ كه‌ له‌ ساڵی 1988 دامه‌زراوه‌ و گرنگی به‌ پرسی ئازادی راده‌ربڕین له‌ سه‌رجه‌م به‌شه‌كانی كوردستان ده‌دات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group