تویته‌ر هه‌ژماری فه‌رمی ترامپ راده‌ستی بایدن ده‌كات

7 رۆژ پێش ئێستا جیهان

نه‌وا
تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌رۆكی نوێی ئه‌مریكا، هه‌ژماری فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی له‌و تۆڕه‌ له‌ دۆناڵد ترامپ وه‌رده‌گرێته‌وه‌ و راده‌ستی جۆ بایدنی ده‌كات.
بڕیاره‌ رۆژی 21 ی كانونی دووه‌می ساڵی داهاتوو سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكا به‌ فه‌رمی ده‌ستبه‌كاربێت و سوێنی یاسایی بخوات، به‌ڵام تائێستا دیار نییه‌ كه‌ دۆناڵد ترامپ ئاماده‌یه‌ تا ئه‌و كاته‌ سه‌ركه‌وتنی جۆ بایدنی ركابه‌ری به‌ فه‌رمی بناسێت و شوێنه‌كه‌ بۆ چۆ لكات یان نا.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر رایگه‌یاندووه‌، له‌گه‌ڵ سوێندخواردنی سه‌رۆكی نوێ هه‌ژماری فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی راده‌ستی بایدن ده‌كات.
تویته‌ر پشت به‌ ئه‌نجامی فه‌رمی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا ده‌به‌ستێت، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و تویتانه‌ی ترامپ كه‌ باس له‌ سه‌ركه‌وتنی ده‌كات، هێمای سه‌رسوڕمانی سوریان له‌گه‌ڵ داده‌نێت.
ترامپ جیا له‌ هه‌ژماری فه‌رمی هه‌ژمارێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، كه‌ زیاتر له‌ 88 ملیۆن كه‌س فۆڵۆیان كردووه‌ و پۆستیه‌كانی زیاتر له‌و هه‌ژماره‌وه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ و تائێستا 58 هه‌زار تویتی له‌و هه‌ژماره‌وه‌ كردووه‌، هه‌رچی جۆ بایدنی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوه‌ تائێستا حه‌وت هه‌زار تویتی كردووه‌.
له‌هه‌ڵبژاردنی 3ی ئه‌م مانگه‌دا جۆبایدنی كاندیدی دیموكراته‌كان به‌ جیاوازی زۆره‌وه‌ پێش ترامپ كه‌وت، به‌ڵات ترامپ باس له‌ ساخته‌كاری ده‌كات و ئاماده‌ نییه‌ دان به‌ سه‌ركه‌وتنی ركابه‌ره‌كه‌یدا بنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group