نەوا
رۆژی سێشەممە هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكانی هەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان، هەرسێ لایەنی پارتی، یەكێتی و گۆڕان لە سەرۆكایەتی هەرێم كۆبونەوە. لە بەغداش پرسی پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵی و هەرێم تاووتوێکران.
لە خۆپیشاندانەكاندا، كە زیاتر پارێزگای سلێمانی گرتوەتەوە، گرژی و ئاڵۆزی لێكەوتەوە و ژمارەیەك هاووڵاتی ناڕازیش لە دۆخی ژیان و گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵك بە تەقەی هێزە چەكدارەكان بونە قوربانی. ژمارەیەك بینای حزبی و حكومییش لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێنران.
لەو نێوەندەدا، بەرپرسانی باڵای پارتی، یەكێتی و گۆڕان لە سەرۆكایەتی هەرێم كۆبونەوە بۆ تاووتوێكردنی ئەو رەوشە خراپەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان تێیدا دەژین.
لەلایەكی دیكەشەوە، سێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق لەگەڵ سەرۆكی كوتلە سیاسییەكان كۆبونەوە و جگە لە تاووتوێكردنی بارودۆخی ناهەمواری وڵات، باس لە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغداش كراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی كۆبونەوەكە، داواكراوە چارەسەرێكی دادپەروەرانە بۆ كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت. پاڵپشتیش بۆ درێژەدان بە گفتوگۆی نێوان هەردوولا دوپاتكراوەتەوە.