پۆلیسی سەڵاحەدین وردەكاری دەستگیركردنی بكوژی هاوڵاتیەكەی سلێمانی بڵاوكردەوە

12/06/2021

نەوا-
پۆلیسی پارێزگای سەڵاحەدین ئاشكرایكرد، دوای ئەوەی بیستویانە ئۆتۆمبێلێك جۆری لاندكرۆزەر لە پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل لە تكریت زۆر بە هەرزان دەستاودەستی پێكراوە، دوای كۆكردنەوەی زانیاری دەركەوت كە ژمارەی سلێمانی هەیە و دوای پەیوەندیكردن بە هێزە ئەمنییەكانی هەرێمەوە دەركەوت خاوەنەكەی كوژراوە و ئۆتۆمبێلەكە دزراوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سەڵاحەدین لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، دوای ئەوەی بیستویانە كە ئۆتۆمبێلێكی جۆری لاندكرۆزەری مۆدێل بەرز بە نرخێكی زۆر هەرزان لە پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل دەستاودەستی پێ دەكرێت، تیمێكی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی بەشی تاوانی سەڵاحەدین و بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و دژە تیرۆر و ئاسایشی نیشتمانی پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە.
رونیشكراوەتەوە، ئەو دوو كەسەی ئۆتۆمبێلەكەیان كڕیوە دەستگیر كراون و دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە كە ئۆتۆمبێلەكە ژمارەی پارێزگاكانی باكوری هەیە و پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە كراوە، دەركەوت كە رۆژی 11ی حوزەیرانی 2021 خاوەنەكەی كوژراوە و ئۆتۆمبێلەكە دزراوە لەلایەن تۆمەتبارێكەوە و دواتر هەڵاتووە و لە تكریت ئۆتۆمبێلەكەی فرۆشتووە و دواتر چووەتە ئەنبار.
پۆلیسی سەڵاحەدین ئاماژەی بەوەشداوە، پەیوەندی بە دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە كراوە و شوێن پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی كەوتوون و دوای دیاریكردنی شوێنەكەی لە ئەنبار دەستگیر كراوە، ئەوانەشی كڕیویانە بە بڕیاری دادوەر راگیراون و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا گیراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group