تاوانی دایكێك بەرامبەر منداڵەكانی میسر دەهەژێنێت

29/07/2021 جیهان

نەوا-
ژنێكی میسری لە پێناو خۆشەویستەكەیدا 3 منداڵ و هاوسەرەكەی ژەهرخوارد دەكات و كۆتایی بە ژیانی هەرسێ‌ منداڵەكەی دەهێنێت و ژیانی هاوسەرەكەشی دەخاتە مەترسییەوە.
سەرچاوەكانی هەواڵی میسر بڵاویانكردووەتەوە، زانیاری گەیشتە پۆلیسی ناوچەی قنا بەوەی كە باوكێك و 3 منداڵی تووشی ژەهراوی بوون بوون بەهۆی خواردنی شەربەتی ماوە بەسەربوو و بەهۆیەوە هەرسێ‌ منداڵەكە گیانیان لەدەستداوە كە تەمەنیان لەنێوان 7 بۆ 9 ساڵ بووە.
رونیشكراوەتەوە، دوای دەستكردن بە لێكۆڵینەوە و وەرگرتنی وتەی دایكی منداڵەكان و باوكەكەیان و وتەكان جیاواز بوون و دایكەكە سەرەتا وتویەتی شەربەتی ماوە بەسەرچوویان خواردووە دواتر وتویەتی كاڵەكی خراپ بوویان خواردووە، دواتر ئاماژەی بەوەداوە كە دەرمانی كوشتنی حەشەرات كەوتووەتە ناو خواردنەكەیانەوە.
بەپێی زانیاریەكان، ئەوەش گومانی لای تیمی لێكۆڵینەوە دروست كردووە و دواتر دەركەوتووە ئەو دوو هاوسەرە بەردەوام كێشە لە نێوانیاندا هەبووە و بەهۆیەوە ژنەكە چەندین جار ماڵی جێهێشتووە، دوای ئەوەی لێكۆڵینەوەی زیاتر لە ژنەكە كراوە و پەستانی خراوەتە سەر، دانیناوە بەوەدا كە لە پەیوەندی سۆزداریدایە لەگەڵ شۆفێرێكی تەمەن 26 ساڵدا و بڕیاریداوە لەپێناو هاوسەرگیری كردن لەگەڵی هاوسەر و منداڵەكانی بكوژێت.
لە لێكۆڵینەوەكاندا ئەوەش دەركەوتووە، شەربەت و ژەهرەكە لەلایەن خۆشەویستی ژنەكەوە دابین كراوە، دوای كارەكەشی بە كەسوكاری هاوسەرەكەی وتووە كە شەربەتی ماوە بەسەرچوویان خواردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group