تەندروستی عێراق لەسەر ڤاكسینەكان مژدەیەكی خۆش دەدات

19/09/2021 عێراق

نەوا-
وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشكرای كرد، ئەو كەسانەی ڤاكسینیان وەرگرتووە و پێویستیان بە نەخۆشخانە بووە دوای توشبوون بە كۆرۆنا زۆر كەمن و تەنها 1%ن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی نیشانەكانی پەتاكەوە لەسەریان قورس نییە، تەنها یەك كەسیش كە ڤاكسینی وەرگرتووە گیانی لەدەستداوە.
ریاز حلفی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی وتووە، چاودێران و شارەزایانی پەتا و زانایان بەدووری نازانن شەپۆلی نوێی پەتای كۆرۆنا رووبدات، ئەوەش بەهۆی گۆڕانكاریە بەردەوامەكانی ڤایرۆسەكەوە، چونكە كۆرۆنا چالاكە و ڤاكسینیش تاوەكو رادەیەك كەمە.
رونیشیكردووەتەوە، وەزارەتی تەندروستی پشت بە ڤاكسینەكان دەبەستێت چونكە رێوشوێنەكان چالاك نین و هاوڵاتیان پابەند نابن و ناتوانین ناچاریان بكەین دەمامك ببەستن.
سەبارەت بە ڤاكسینەكانیش ئاماژەی بەوەداوە، ژمارەی ئەوانەی ڤاكسینیان وەرگرتووە و دواتر تووشی كۆرۆنا بوون و پێویستیان بە نەخۆشخانە بووە زۆر كەمە و تەنها 1%ە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی نیشانەكان لەسەریان قورس نییە، لە 4 ملیۆن كەس كە ڤاكسینیان وەرگرتووە تەنها یەك كەس لە عێراق گیانی لەدەستداوە ئەویش پیاوێكی تەمەن 80 ساڵ بوو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group