ئەسۆشیەیتد پرێس: هەر وەزیرێكی كارەبای عێراق دەیتوانی بڕی كارەبا بگەیەنێت 30 هەزار مێگاوات

28/09/2021 عێراق

نەوا-
ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، لە دوای داگیركاری عێراق لەساڵی 2003ەوە هەر وەزیرێكی كارەبای ئەو وڵاتە دەیتوانی بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا بگەیەنێتە 30 هەزار مێگاوات، بەڵام كەرتی كارەبا لە عێراق نمونەیەكی بەهێزی گەندەڵییە.
ئەسۆشیەیتد پرێس لە راپۆرتێكدا سەبارەت بە قەیرانی كارەبا لە عێراق ئاماژەی بەوەداوە، كارەبا لەو وڵاتە نمونەیەكی بەهێزی گەندەڵییە ئەوەش  لە سیستمی دابەشكاری تاییفییەوە ڕەگی داكوتاوە، رێگە بە چینە سیاسیەكە دەدات كە مەحسوبیەت وەك هەل بەكاربهێنن بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتیان.
ئەوەش هاتووە، دوای هەر هەڵبژاردنێك سیاسیەكان ركابەری دەكەن بۆ دامەزراندن، ئەوەش بە پشتبەستن بە ژمارەی ئەو كورسیانەی بەدەستیان هێناوە، بۆیە وەزارت و دامەزراوەكانی دەوڵەت لەنێو خۆیاندا دابەش دەكەن و بازنەی هەژمونی خۆیانی پێ‌ فراوان دەكەن.
ئاژانسەكە نمونەی هێناوەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە، بۆ نمونە وەزارەتی كارەبا بڕە پارەی نهێنی دەداتە چینە سیاسیەكە، ئەویش لە رێگەی ئەو كۆمپانیایانەی گرێبەست لەگەڵ وەزارەتەكە دەكەن بۆ باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان.
ئەسۆشیەیتد پرێس جەختی لەوەش كردووەتەوە، لیژنەیەكی پەرلەمانی بڵاویكردووەتەوە كە لە ساڵی 2005ەوە 81 ملیار دۆلار لە كەرتی كارەبادا خەرج كراوە، بەڵام تائێستاش بارودۆخەكە وەك خۆیەتی، لەكاتێكدا هەر وەزیرێكی كارەبا لە دوای ساڵی 2003ەوە دەیتوانی بڕی بەرهەم بگەیەنێت 30 هەزار مێگاوات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group