دەوڵەتی یاسا: كورد و سونە ناتوانن بەبێ‌ ئێمە لەگەڵ سەدردا هاوپەیمانی بكەن

20/10/2021 عێراق

نەوا-
محەمەد سەیهود سەركردە لە ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، كوتلە سیاسیە سونی و كوردیەكان ناتوانن  بەبێ‌ هێزە شیعیەكانی تر هاوپەیمانی لەگەڵ تەیاری سەدری بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت.
محەمد سەیهود كە یەكێكە لە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوە كردووە، كوتلە سیاسیە سونی و كوردیەكان ناتوانن هاوپەیمانی لەگەڵ هیچ هێزێكی سیاسی شیعی بكەن و هێزە سیاسیە شیعیەكانی تر پشتگوێ بخەن، بە واتایەكی تر ناتوانن هاوپەیمانی لەگەڵ تەیاری سەدری بكەن و هێزەكانی "چوارچێوەی تەنسیقی" پشتگوێ بخەن.
رونیشیكردووەتەوە، كوتلە سیاسیە سونی و كوردیەكان كار دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت لە رێگەی هاوپەیمانی و گفتوگۆ و دانوستانەوە لەگەڵ هێزە سیاسیە شیعیەكان، ئەو هێزانە بە درێژایی ساڵانێكی زۆر بەو شێوەیە كاردەكەن، ئەوان چاوەڕێی یەكخستنی هەڵوێستی شیعە دەكەن تا لەگەڵیاندا بكەونە دانوستانەوە.
چوارچێوەی تەنسیقی، زۆرینەی هێزە شیعیەكان (جگە لە تەیاری سەدری) لەخۆ دەگرێت و ئەو هێزانەن كە دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنن و ژمارەیەكی زۆر كورسیان لەدەستداوە و پێیان وایە ساختەكاری گەورە كراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group