هاتووچۆی عێراق: یاساكانی هاتووچۆ لە نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان یەك دەخرێن

23/10/2021 عێراق

نەوا-
لیوا تارق ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی عێراق ئاشكرای كرد، نیازی ئەوەیان هەیە یاسای هاتووچۆ لە نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان یەكبخەن، ئەوەش لە چوارچێوەی یاسایەكی نوێدا.
لیوا تارق بە رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمی وتووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆ سەرقاڵی ئامادە كردنی رەشنوسی یاسایەكی نوێیە، بۆ یەكخستنی یاسای هاتووچۆ لە نێوان حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستاندا.
ئاماژەی بەوەشداوە، رەشنوسە نوێكە رێنمایی هاتووچۆی یەكخراوی تێدایە تایبەت بە سزا داراییەكان و رسومات و تۆمار كردن، لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ پێكهێنراوە بۆ ئامادە كردنی رەشنوسەكە.
بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی عێراق جەختی لەوەش كردووەتەوە، لە رەشنوسەكەدا بارگرانی سەرشانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆی هەرێمی كوردستانیان هەڵگرتووە ئاسان دەكرێت، هەروەها ئەوانەشی تابلۆی ناوچەكانی تری عێراقیان پێوەیە و دەچنە هەرێمی كوردستان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group