وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی گرێبەستی ئەلكترۆنی هەموار كردەوە

10/01/2022

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێنمایی ژمارەی 3ی ساڵی 2021ی تایبەت بە رێكخستنی كاری كۆمپانیاكانی هاوردەكردن و گواستنەوەو فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی هەموار كردەوە.
بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاردراوە كە گرێبەستی ستانداردی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ رێكدەخرێت و بە زمانی كوردی و عەرەبی دەبێت، هەروەها هاتوە كە پێویستە گشت كۆمپانیاكان و پێشانگاكانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لەكاتی فرۆشتندا بۆ ئۆتۆمبێلی ژمارە كاتی یاخود تۆماركراو گرێبەستی ئەلكترۆنی بەكاربهێنن و لەماوەی 60 رۆژدا مامەڵەی بۆ گواستنەوەی خاوەندارێتی بۆ بكرێت بەپێچەوانەوە پێ بژاردنیان بۆ دەكرێت.
هەروەها وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندوە، پێویستە ئەو كۆمپانیاو پێشانگاكان تا بەرواری 15-3-2022 خۆیان تۆمار بكەن و ئەوانەشی كێشەی باجیان هەیە كۆدیان بۆ دەكرێت و پێویستە تا كۆتایی ساڵ كێشەكانیان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار یەكلایی بكەنەوە.

 

 

 

 

 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group