بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران كۆبونەوەو بارودۆخی سیاسی و ئابوری وڵاتیان تاوتوێكرد.
بەپێی راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، لە دیدارێكدا بەرهەم ساڵح و مستەفا كازمی گفتوگۆیان كردوە لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی وڵات و جەختیانكردۆتەوە لە پێویستی بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری و پشتیوانیكردن لە هێزە ئەمنییەكان لەپێناو روبەڕوبونەوەی شانە نوستووەكانی داعش و پاراستنی ئارامی هاووڵاتیان.
لەبەشێكی تردا گفتوگۆ كراوە سەبارەت بەبارودۆخی سیاسی و دوپاتكراوەتەوە لەپێویستی پتەوكردنی سازان و یەكڕیزی و دیالۆگ بەئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەگیانی بەرپرسیارێتی و هێنانەدی بەركەوتە نیشتمانییەكان، هەروەها باس لە دۆخی ئابوری كراوەو جەختكراوەتەوە لەگرنگی باشتركردنی بژێوی ژیان و هێنانە ئارای داواكانی خەڵك.