كامێراكان جگە لە تیژڕەوی سەرپێچیەكی تریش تۆمار دەكەن

28/01/2023

نەوا-
سیستمی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ كە بڕیارە بەمنزیكانە بكەوێتەكار بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دوو سەرپێچی تۆمار دەكات.
فازڵ حاجی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەولێر بە سایتی حكومەتی هەرێمی راگەیاندوە، ئامانجی سەرەكی لە دانانی ئەم سیستمە پێش هەرشتێك بۆ رێكخستنی هاتوچۆ و كەمكردنەوەی روداوەكان و قوربانیدانی هاووڵاتیانەو راهێنانی شۆفێرانی هەرێمی كوردستانە لەسەر چۆنیەتی بەكارهێنانی رێگاوبانەكان بەشێوەیەكی سەلامەت و شارستانی.
وتوشیەتی: ئەو كامێرایانەی لەسیستمی خاڵ بۆ خاڵدا دادەنرێن زۆر پێشكەوتوترن لە كامێراكانی پێشوتر كە بۆ كۆنترۆڵ كردنی خێرایی دانراون كە تەنها دەتوانن كۆنترۆڵی خێرایی شۆفێر لە خاڵێكدا بكات، ئەوەش ئەو كاتەی كە دەگەیشتە بەردەم كامێرای تۆماری خێرایی و دواتر دیارنەبوو چۆن رەفتاردەكات و تاچەند تیژڕەوی دەكات، بەڵام ئەم سیستمە نوێیە كە لە نەوەیەكی نوێی تەكنەلۆجیا پێكهاتوە، بەشێوەیەكە لەنێوان دوو كامێرادا دەتوانرێت ئەوە بزانین شۆفێران لەوكاتەدا لەو چەند كیلۆمەترەی تێدەپەڕێت چۆن رەفتاریان كردوە، ئایا پابەندی یاساو رێنماییەكانی هاتوچۆ بون یان نا.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەولێر راشیگەیاندوە، لە ئێستادا سیستمەكە دوو جۆر سەرپێچی بۆ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان تۆمار دەكات، یەكەمیان تیژڕەویە لەو سنورەی بۆی دیاریكراوە، دوەمیان شوێنی هاتوچۆی بارهەڵگرەكانە لەلای راستی شەقامەكان، ئەگەر شۆفێر چوە ناوەڕاست و لای چەپی شەقامەكان كە ئەوە شكاندنی یاساكانی رێگای خێراییە، ئەوكات ئەو كامێرایە سەرپێچییەكی بۆ تۆمار دەكات، لەكاتێكیشدا ئەگەر تیژڕەو بوو ئەوا دوو سەرپێچی بۆ تۆمار دەكرێت و سەرجەمی ئەم سەرپێچیانەش بە وێنە تۆمار دەكرێت.
 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group