دژە تیرۆر: بەشێك لە قوربانیانی هەلیكۆپتەرەكەی دهۆك پەكەكە بوون

16/03/2023

نەوا - 
دەزگای دژە تیرۆری هەرێمی كوردستان زانیاری لەسەر ئەو هەلیكۆپتەرە بڵاودەكاتەوە كە شەوی رابردوو لە دهۆك كەوتە خوارەوە و جەخت لەوە دەكاتەوە، توركی و عیراقی و نییە و سەربە هاوپەیمانانیش نییە و سەرجەم سەرنشینەكانی گیانیان لەدەستداوە و چەند كەسێكیان پەكەكە بوون.
دژەی تیرۆر بڵاویكردووەتەوە، شەوی 15ی ئاداری 2023، كاتژمێر  20:40 هێلیكۆپتەرێك لە نزیك گوندی بێركیات لە ناحیەی چەمانكێ لە پارێزگای دهۆك كەوتە خوارەوە و تەواوی سەرنشینەكانی گیانیان لەدەست دا.
رونیشكراوەتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم پەیوەندییان بە حكومەتی عیراق و هاوپەیمانان و حكومەتی توركیاوە كردووە لەبارەی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەوە، بەڵام لە وەڵامدا رایانگەیاندووە كە هێلیكۆپتەرەكە هی ئەوان نییە.
بەپێی زانیارییەكانی دژە تیرۆری كوردستان، هێزە ئەمنییەكان دەستیان بەدواداچوون لەو بارەوە كرد و لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئەوەیان ئاشكرا كرد، كە هێلیكۆپتەرەكە لە جۆری Eurocopter AS350 بووە و چەند سەرنشینێك لەوانەی گیانیان لە دەست داوە چەكدارانی پەكەكە بوون، بەدواداچونیش لەو بارەوە بەردەوامی دەبێت تاوەكو زانیاریی تەواو لەسەر هێلیكۆپتەرەكە كۆبكەنەوە كە سەر بە چ لایەنێك بووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group