ئارگۆس میدیا: گورزێكی دیكە لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان درا

25/03/2023

نەوا - 
توركیا بە فەرمی عیراقی لەوە ئاگادار كردووەتەوە كە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەسەر دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندی بەغدا بڕیاریداوە و چیتر توركیا رێگەنادات بارە نەوتەكانی هەرێم بەبێ‌ رەزامەندی حكومەتی عیراق بەندەری جەیهان جێبهێڵن.
ماڵپەڕی ئارگۆس میدیا لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە ئاشكرای كردووە، توركیا بە فەرمی حكومەتی عیراقی لەوە ئاگادار كردووەتەوە كە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی بەغدا دۆسیەیەكی یەكلایی كردووەتەوە.
بەپێی وتەی سەرچاوەكە، دۆسیەكە تایبەتە بە هەناردكردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان و توركیا جەختی لەوە كردووەتەوە، چیتر رێگە نادات هیچ بارە نەوتێكی هەرێم بەبێ‌ رەزامەندی حكومەتی عیراق بەندەری جەیهان جێبهێڵت.
ئەم بڕیارەش لەكاتێكدایە، كە هەرێمی كوردستان پشت بە هەناردەكردنی نەوتی خاو لە رێگەی توركیاوە دەبەستێت و بڕیارەكە كێشەی گەورەی بۆ دروست دەكات، هەروەها لە ئێستادا حكومەتی هەرێم و بەغدا لە دانوستاندان سەبارەت بە چەند مەلەفێك لە گرنگترینیشیان كەرتی نەوت و غازی هەرێم.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group