فراكسیۆنی پارتی: بڕیارەكەی لیژنەی دارایی هەڵدەوەشێتەوە

30/05/2023
نەوا - 
نەجوا كاكەیی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عیراق پێی وایە، بڕیارەكەی لیژنەی دارایی سەبارەت بە گۆڕینی دوو بڕگەی پرۆژە یاسای بودجە تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێتەوە.
نەجوا كاكەیی بە میدیای حزبەكەی وتووە، بڕیارە گۆڕانكاری لەو دوو ماددەیەی پەیوەستن بە هەرێمی كوردستان بكرێت لەناو پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراق و بڕیارەكەی لیژنەی دارایی هەڵدەوەشێتەوە، چونكە پێشتر رێكەوتن كراوە لەبارەی پشكی هەرێم و ئەندامانی لیژنەی دارایی مافی گۆڕینی هیچ بڕگە و ماددەیەكیان نییە بە یەكجاری.
رونیشیكردووەتەوە، لە یەك دوو رۆژی داهاتوو جارێكی دیكە لیژنەی دارایی دەنگ لەسەر هەردوو ماددەی 13 و 14ی پرۆژەیاسای بودجە دەدات، ئەندامێكی لیژنەی دارایی زیادە و نابێت ژمارەی ئەندامانی لیژنە لە 23 كەس زیاتر بێت، كەچی ئێستا كردویانە بە 24 ئەندام، ئەوەیش یەكێكی دیكە لە پێشێلكارییەكانە.
هەر بە وتەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی لیژنەی دارایی، پرۆژە یاسای بودجە رەوانەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق دەكرێت و ئامادەكاری بۆ كۆبونەوەی پەرلەمان دەكرێت بۆ ئەوەی پرۆژەیاسای بودجە بخرێتە دەنگدانەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group