میت: 3 بەرپرسی پەكەكە لە سلێمانی كرانە ئامانج

08/06/2023

نەوا - 
ئاژانسی هەواڵگری توركیا ناسراو بە "میت" بە ئامانجگرتنی 3 بەرپرسی پەكەكەی لە پارێزگای سلێمانی راگەیاند، ئەوەش دوای كۆكردنەوەی زانیاری لەرێگەی سیخوڕەكانیانەوە.
ئاژانسی فەرمی توركیا بڵاویكردووەتەوە، لە ئۆپراسیۆنێك لە دەوروبەری سلێمانی 3 بەرپرسی پەكەكە بەناوەكانی "فەهمی ئۆغمەن كە بە "سینان دژوار" ناسراوە، هەروەها "محەمەد ساڵح چاكاڵ" كە بە "مەزڵووم كۆچەر" ناسراوە و "ئەحمەد محەمەد عەلی" كە بە "ئارارات تۆڵهەڵدان" ناسراوە، كراوەنەتە ئامانج.
ئەوەش هاتووە، پرۆسەكە دوای كۆكردنەوەی زانیاری بووە لە رێگەی سیخوڕەكانیانەوە كە چاودێری جموجوڵی ئەو بەرپرسانەی پەكەكەیان كردووە و شوێنەكانیان دەستنیشان كردوون.
سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاشكرای كردووە، دوو كەس لەو بەرپرسانەی پەكەكە چەند رۆژێك پێش ئێستا لە گوندی گوڵاڵە كراونەتە ئامانج كە ماتۆڕسكیلێكیان پێبووە، سەرچاوەیەك لە ئاسایشی سلێمانیش بە میدیای پارتی وتووە، لای ئەوان تەنها یەك كوژراو لەو رووداوە تۆمار كراوە و نازانن كەسی دووەم كێیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group