نەوا -
بانكی ناوەندی عیراق چەند بڕیارێكی تری بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی دەركرد و لەساڵی داهاتووەوە سەرجەم مامەڵە بازرگانییە ناوخۆییەكان دەبێت بە دینار ئەنجام بدرێن.
عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی رایگەیاندووە، سیستمی نوێی حەواڵەی دەرەكی و فرۆشتنی دۆلار سیستمێكی پارێزراوە، لە ئێستادا زۆرینەی بازرگانەكان پەنایان بۆ سەكۆی ئەلیكترۆنی بردووە بە مەبەستی وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی.
رونیشیكردووەتەوە، ساڵی داهاتوو مامەڵە بازرگانییە ناوخۆییەكان بە دینار دەبێت نەك دۆلار لە هەمانكاتدا دابینكردنی دۆلار بە نرخی فەرمی بەردەوامدەبێت، كە یەك دۆلار بە هەزار و 320 دینار لە بانكی ناوەندیی دەفرۆشرێت.
لە چەند رۆژی رابردودا نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەڵام دوێنێ یەكشەممە دەستی كردەوە بە بەرزبوونەوە و لەئێستادا 100 دۆلار بەرامبەر 154 هەزار و 300 دینارە.