نەوا-
نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە عێراق ڕێككەوتنی ئاوی لە نێوان توركیا و عێراقی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەش دەكات، ئەم ڕێككەوتنە بۆ بژێوی ژیانی ملیۆنان كەس زۆر گرنگە كە بەهۆی وشكەساڵی و كەمئاوییەوە دەیانناڵاند.
مارك ساڤایا نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا، دەستخۆشی لە حكوومەتی عێراق دەكات و ئەو ڕێككەوتنە بەرز دەنرخێنێت كە لە نێوان كۆماری عێراق و كۆماری توركیادا كراوە بۆ چارەسەركردنی كێشە بەردەوامەكانی بەڕێوەبردنی ئاو لە نێوان هەر دوو وڵاتدا.
مارك ساڤایا دەشڵێت: ئەم ڕێككەوتنە هەنگاوێكی بەرچاوە بۆ بەرزكردنەوەی هاوكارییەكانی ناوچەكە و دەستەبەركردنی دەستڕاگەیشتنێكی بەردەوام بە سەرچاوە ئاوییە گرنگەكان، كە گرنگن بۆ بژێوی ژیانی ملیۆنان عێراقی كە بەهۆی وشكەساڵی و كەمی ئاوەوە زیانیان بەركەوتووە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا باس لەوەشكراوە، ئەمەریكا پابەندبوونی بەهێزی خۆی بۆ پاڵپشتیكردنی عێراق و گەلەكەی دووپاتدەكاتەوە لە پێناو سەقامگیری زیاتر و خۆشگوزەرانی و ژینگەیەكی بەردەوامدا.