نەوا-
وەزارەتی نەوتی عێراق، وەڵامێكی توندی بەیاننامەیەكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی دایەوە و بە "بەیاننامەیەكی سیاسی و حزبی" ناوی برد.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرایكرد، كار بۆ چاككردنەوەی بۆری كەركوك-جیهان دەكەن و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تەواو دەبێت، بەڵام بۆ ئێستا داوای بەكارهێنانی بۆریی "سارلۆ-فیشخاپور"یان كردووە بۆ هەناردەكردنی 250هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، كە لەگەڵ نەوتی هەرێم دەگاتە 450 هەزار بەرمیل، ئەمەش وەك ڕێگەیەك بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی داخستنی گەرووی هورمز.
ئاماژە بەوەشدراوە، بەپێی ڕێككەوتنی (ITP)، بۆرییەكە موڵكی حكومەتی فیدراڵییە و توانای هەناردەكردنی زیاتر لە ملیۆنێك بەرمیلی هەیە.
هەروەها، بەستنەوەی مەلەفی نەوت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و سیستەمی "ئەسیكۆدا" لەلایەن هەولێرەوە جێگەی سەرسوڕمانە، چونكە مووچە لە دەسەڵاتی وەزارەتی داراییە و سیستەمی ئەسیكۆداش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا، وەزارەتی نەوت هۆشداری دا كە ڕێگریی حكومەتی هەرێم لە هەناردەكردن، پێشێلكردنی دەستوورە (ماددەكانی 110، 111، 112) و سەركێشییەكی بەرپرسانە نییە بە بەرژەوەندیی گشتییەوە.
داواشی لە ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانتارانی كورد كرد بێنە دەنگ، چونكە ئەگەر هەولێر لە هەڵوێستەكەی پاشەكشە نەكات، بەغداد تەواوی ڕێكارە یاساییەكان دەگرێتە بەر.