عەلی باپیر: بەمجۆرە وڵات بەڕێوەنابرێت و حوكمڕانی بە ئەقڵی فراوان و دڵی گەورە دەكرێت
6 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە كۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی رایگەیاند، پێویستە ئەقڵیەتی حوكمڕانی بگۆڕێت، چونكە بەمجۆرە وڵات بەڕێوەنابرێت و حوكمڕانی بە ئەقڵی فراوان و ئەخلاق و دڵی گەورە دەكرێت.
باسی لەوەشكرد، دەبێت پەنجە بخەینە سەر برینەكان و بە روون و راشكاوی باس لە كێشەكان بكەین.
وتیشی، ئەم وڵاتە پڕە لە خێر و بێر، كەچی تەماشا دەكەیت خەڵكێكی زۆر هەژارن و زۆرینەی خەڵك لەمجۆرە حوكمڕانییە ناڕازین.
وەك عەلی باپیر ئاماژەی پێدا، ئەم وڵاتە هی حزب نییە هی هەموو كوردێكە و حزبەكانی كوردستان بەهۆی ململانێوە ئاگایان لە خەڵك نەماوە، بۆیە دەبێت حزبەكانی كوردستان چاویان لە ژیانی خەڵك بێت.
سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی راشیگەیاند، كێشەی هەردوو حزبی حوكمڕان لەسەر بەرژەوەندییە مادییەكانی خۆیانە.