نەوا-
هەڵگورد وەلی سەرپەرشتیاری پڕۆژەكانی رێگەوبانی هەولێر رایگەیاندوە، تا ئێستا 13 كیلۆمەتر لە رێگەی هەولێر-كۆیە بە تەواوی قیركراوەو تیمەكانی ئەندازیاری و كرێكاران بە دو شەفت و بەشێوەی شەو و رۆژ بەردەوامن لە كاركردن، بەپێی گرێبەستەكەش وادەی كۆتاییهاتنی پڕۆژەكە مانگی تەمموزی ساڵی 2028ـە، بەڵام بەهۆی خێرایی كارەكانەوە هەوڵ دەدرێت تەنها لە ماوەی ساڵێكدا تەواوی پڕۆژەكە بە كۆتا بگەیەنرێت.
هەڵگورد وەلی لە بارەی تایبەتمەندییە تەكنیكییەكانی پڕۆژەكەوە وتوشیەتی، درێژیی رێگاكە 45 كیلۆمەترەو بە شێوازی دو سایدی خێرا دروست دەكرێت و پێكهاتەی سایدەكانیش هەر سایدێك لە 3 لەینی هاتوچۆو 1 لەینی فریاگوزاری پێكدێت و 11 بەرزەپردو ژێرپرد لەگەڵ چەندین ئاوبەرو دیواری راگر لەخۆ دەگرێت، ماوەی هاتوچۆی نێوان هەولێر و كۆیەش بۆ تەنها 25 خولەك كەمدەكاتەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، پڕۆژەكە گوژمەی 683 ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوەو تا ئێستا %35ـی كارەكانی بە سەركەوتویی تەواو كراوە، ئەم رێگەیەش گرنگییەكی باڵای هەیە چونكە هەردو پارێزگای هەولێرو سلێمانی بە یەكەوە دەبەستێتەوە.