یەكەم قۆناغی پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەستیپێكرد

8 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و بە چاودێری هێزەكانی هاوپەیمانان  یەكەم قۆناغی پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە بارەگای فەرماندەیی دەڤەری 1 بە رەسمی دەستیپێكرد.
وەزیری پێشمەرگە لە وتارێكدا لە رێوڕەسمی خولی یەكەمینی یەكگرتنەوەی فەرماندەیی دەڤەری یەك و دوو سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەم هەنگاوە دەبێتە دەستكەوتێكی چارەنووسساز لە مێژووی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەدا، و لەمەودوا هێزەكانیان بە نوێترین مێتۆد و شێوازی سەربازی هاوچەرخ ئاشنا دەكرێن.
شۆڕش ئیسماعیل باسی لە رۆڵی گرنگی هاوپەیمانان كرد و ئاشكرایكرد، هاوپەیمانان بە درێژایی ماوەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لەگەڵماندا بوون و پشتیوانێكی بەهێز بوون.
باسی لەوەشكرد، هێزی پێشمەرگە تەنها هێزێكی چەكدار نییە بۆ كاتێكی پێویست، بەڵكو بۆ جیهانی سەلماندووە كە قەڵغانێكی پتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بووەتە هێمایەكی درەوشاوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
وەزیری پێشمەرگە جەختی لەوەش كردەوە،  بەهێزبوونی هێزی پێشمەرگە، ئاسایشی ناوچەكە بە گشتی سەقامگیرتر دەكات، چونكە ئەم هێزە زامنی راستەقینەی پاراستنی مافەكانی خەڵكی كوردستانە.
لە كۆتایی وتارەكەیدا، شۆڕش ئیسماعیل ستراتیژی نوێی وەزارەتەكەی خستەڕوو و رایگەیاند، بنیاتنانی دوو دەڤەری سەربازی و 11 فیرقەی جیاواز، هەنگاوێكی ئێجگار گرنگ و ستراتیژییە بۆ بنیاتنانی سوپایەكی نیشتمانی و یەكگرتوو بۆ كوردستان.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group