بێگەرد تاڵەبانی: پێشبینی دەكرێت بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ بگاتە زیاتر لە ملیۆنك تۆن
2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان رایگەیاندوە، بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەكرێت بەرهەمی گەنمی هەرێمی كوردستان بگاتە ملیۆن و نیوێك تۆن، كە لەلایەن 57 هەزار جوتیارەوە بەرهەم دەهێنرێت.
هەروەها، بێگەرد تاڵەبانی رەخنەی لە حكومەتی عێراق گرت و باسی لەوەكرد، كە بەغدا مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ هەرێم ناكات و تەنیا بڕی 400 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەردەگرێت.
ئاشكراشی كرد، بۆ یەكەمجار لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا، پرۆسەی بەپیشەسازیكردنی گەنم چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، وتیشی: دوو كۆمپانیای كەرتی تایبەت گەنمی زیادەی جوتیاران بۆ مەبەستی پیشەسازی دەكڕنەوە.
وەزیری كشتوكاڵ ئاماژەی بەوەشكرد، ساڵانە 300 هەزار تۆن گۆشتی مریشك و یەك ملیۆن تۆن پەتاتە بەرهەم دەهێنرێت، راشیگەیاند، كە لەو وەرزانەی پەتاتەی ناوخۆ دەگاتە بازاڕ، بە هیچ شێوەیەك رێگە بە هاوردەكردنی پەتاتە لە دەرەوە نادرێت، لە لایەكی دیكەشەوە، مژدەی ئەوەی دا كە لە ماوەیەكی نزیكدا هەرێمی كوردستان دەست بە هەناردەكردنی تەماتە بۆ دەرەوەی وڵات دەكات.