ئومێد خۆشناو: لەئەمڕۆوە نرخی بەنزینی نۆرماڵ لەبەنزینخانەكان دەبێتە 850 دینار

7 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، لەئەمڕۆوە دابەزاندنی نرخی بەنزین لەبەنزینخانە ئەهلییەكان بۆ هەر لیترێك 850 دینار خرایەبواری جێبەجێكردنەوە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای سەرهەڵدانی كێشەی سوتەمەنی و بەرزبونەوەی نرخی بەنزین،  سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ بڕیاری چارەسەركردنی دەركرد و هاوڵاتییانی خستە سەنتەری گرنگیپێدانەوە. 
باسی لەوەشكرد، بەنزینی پاڵپشتیكراوی حكومەت كە لیتری بە 750 دینارە، بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر ناوچەكاندا دابەشدەكرێت، هەروەها كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی سوتەمەنی و پاڵاوگەكان پابەندكراون بەرهەمی پێویست دابینبكەن.
رونیشیكردەوە، لە شاری هەولێر 266 بەنزینخانە هەن، بەسوپاسەوە بەشی هەرە زۆریان پابەندی بڕیارەكە بون و تابلۆی نرخەكانیان گۆڕیوە بۆ 850 دینار بۆ هەر لیترێكی بازرگانی.
پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە ئەركی لیژنەی چاودێریكردنی كوالێتی بەنزین بۆ چاودێریكردنی نرخەكانیش رایگەیاند، هیچ بەنزینخانەیەك سزا نادرێت ئەگەر پابەندی رێنماییەكان بێت، بەڵام هەر شوێنێك سەرپێچی بكات روبەڕوی توندترین سزا دەبێتەوە.
ئاشكراشیكرد، لە ماوەی رابردودا حەوت بەنزینخانە بەهۆی خراپیی كوالێتییەوە سزادراون و ناوەكانیان بڵاوكراوەتەوە، دوێنێش لە كۆبونەوەیەكی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و سامانە سروشتییەكان و پارێزگارەكان میكانیزمی جێبەجێكردنی بڕیارەكان تاوتوێكراون و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕی سوتەمەنییەكە زیاد دەكات، هەروەها وتیشی، لە پلاندایە سیستەمی دابەشكردنی بەنزین لە رێگەی كارتی ئەلیكترۆنییەوە رێكبخرێت بۆ دەستەبەركردنی دادپەروەریی زیاتر.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group