داشكاندنی 50٪ی قەرزی كۆنی كارەبا دەستپێدەكات

3 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
وەزارەتی كارەبا لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، وەزارەتی كارەبا خۆشحاڵە بە ڕاگەیاندنی داشكاندنێكی ناوازەی یەكجارە بەڕێژەی تاوەكو 50% بۆ قەرزی كۆنی پێش ڕوناكی كە جێبەجێدەكرێت لە نێوان 3ی ئاب بۆ 10ی ئەیلولی 2026".
باسی لەوەشكرد، داشكانەكە تەنیا قەرزی كۆنی پێش ڕوناكی دەگرێتەوە و پارەی پسوڵەكانی ڕوناكی ناگرێتەوە، بۆ سودمەندبون لەم داشكاندنە، هاوبەشان پێویستە بەیەكجار تەواوی بڕی داشكێندراوی قەرزی كۆنی پێش ڕوناكی بدەن.
ئەوەشیخستەڕو، وەك بەشێك لە ئامادەكارییە تەكنیكییەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەم داشكاندنە، پارەدانی كارەبا لە ڕێگەی ئی-پسولە و هۆبەكانی فرۆشیاری وزە بۆ ماوەیەكی كاتی بەردەست نابێت لە نێوان 30 تەمموز بۆ 3ی ئاب.
وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەوەشدا، داوا لە هاوبەشان دەكرێت كە پارەی پسوڵەكانی ڕوناكی پێش 30ی تەمموز بدەن، بەر لەوەی خزمەتگوزاری پارەدان بۆ ماوەیەكی كاتی بوەستێت، ئەمەش بۆ لەبەرچاوگرتنی ماوەی پارەدانی 50 ڕۆژی كارەبایە كە دەبێتەهۆی دادپەروەری لە پڕۆسەی پارەدان لەنێوان هاوبەشاندا.
دەشڵێت، ئەم داشكاندنە ناوازەیە بۆ دوایین جارە ئەنجامبدرێت لەسەر قەرزی كۆنی پێش ڕوناكی كە تییایدا هاوبەشانی پڕۆژەی ڕوناكی و دەرەوەی ڕوناكی دەتوانن بەم ڕێژانە سودمەندبن (50٪ داشكاندن بۆ هەمو هاوبەشانی ماڵان و كشتوكاڵی، 25٪ داشكاندن بۆ هەمو هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری جگە لەو هاوبەشانەی كە فیدەری تایبەت بەخۆیان هەیە.
رونیشكراوەتەوە، خێراترین ڕێگە بۆ پارەدان بریتیە لە ئی-پسوڵە بۆئەوەی هاوڵاتیان دوربكەونەوە لە قەرەباڵغی هۆبەكانی فرۆشیاری وزە، ئەم داشكاندنە پارەدان لەڕێگەی كارمەندانی كۆكەرەوەی پارەی پسوڵەی كارەبا ناگرێتەوە، لەگەڵ نزیكبونەوە لە تەواوبونی پڕۆژەی ڕوناكی و كۆتاییهێنان بە قەرزە كۆنەكانی پێش ڕوناكی، هاوبەشان پێویستە پابەندبن بە دانەوەی ئەم قەرزانە، بۆ هەندێك هاوبەش كەڵەكەبونی قەرزی كۆن لەسەریەك وایكردوە دانەوەیان زەحمەتتربێت.
كارەبای هەرێم ئاشكراشیكرد، هەر بەم هۆكارەش، وەزارەت ئەم ئاسانكارییە دەكات تاوەكو لە ڕێگەی ئەم داشكانە یەكجارەییە یارمەتی هاوبەشان بدات بتوانن قەرزی كۆنی پێش ڕوناكی بدەنەوە، لە قۆناغی نوێدا پێویستە پارەی پسوڵەكان لە كاتی خۆیدا بدرێن ئەمەش لە ڕێگەی میكانیزمی 50 ڕۆژی پارەدانی پسوڵەی كارەبا كە وادەكات دادپەروەری بۆ هەموان دابینبكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group