وەزیری ناوخۆی هەرێم داوا دەكات بەپێی ئەنجامی سەرژمێریی پشكی هەرێم لە بودجەدا دیاری بكرێت

28 خولەک پێش ئێستا
نەوا-
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم لە لێدوانێكدا رایگەیاند، داواكەی هەرێمی كوردستان لەبارەی دابەشكردنی داهاتی فیدراڵی داوایەكی تەواو یاسایی و رەوایە، سەبارەت بە دۆسیەی گومرك و داهاتەكانیش، باسی لەوەشكرد، تا ئێستا رێككەوتنی تەواو و كۆتایی لەسەر جێبەجێكردنی سیستەمی "ئەسیكۆدا" نەكراوە.
رێبەر ئەحمەد ئاشكراشیكرد، بەشێك لە كۆمپانیا نەوتییەكان دەستیان بە كارەكانیان كردووەتەوە، بەڵام هاوكات ئەو كۆمپانیایانە داوای گەرەنتی و پاراستنی ئەمنی لە حكومەتی عێراق دەكەن بۆ بەردەوامیدان بە كارەكانیان.
لە تەوەرێكی دیكەی وتەكانیدا لەسەر پرسی سەربازی و ئەمنی، وەزیری ناوخۆ روونیكردەوە، هێزەكانی هاوپەیمانان دەستیان بە رێكارەكانی كشانەوە لە هەرێمی كوردستان كردووە، لەو چوارچێوەیەشدا هۆشداریدا لەوەی كە نابێت لە دوای كشانەوەی هاوپەیمانان هیچ جۆرە بۆشاییەكی ئەمنی لە عێراق دروست ببێت، بۆ ئەو مەبەستەش جەختی كردەوە كە پێویستە حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی و پێكەوە ئیدارەی ئەمنیی ناوچەكە بدەن.
لەسەر دۆخی ناوچە كێشەلەسەرەكان و ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، وەزیری ناوخۆ هەنگاوی دانانی قایمقامێكی نوێی بۆ شنگال بە سەرەتایەكی نوێ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان وەسف كرد.
لەكۆتاییشدا ئاماژەی بە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم كرد بۆ بەدەمەوەچوونی هاوڵاتییان لە دەرەوەی وڵات و رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدا زیاتر لە 390 كۆچبەریان لە وڵاتی لیبیاوە گەڕاندووەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group